لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە و مادەی 11ی پشکی هەرێم گفتوگۆ دەکات.
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ” لە سەر داوای ئێمە لە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی، گفتوگۆی مادەی یانزە سەبارەت بە پشکی هەرێم دەستی پێکردووە”.
ئەوە لەکاتێکدایە بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی حكومەتی عێراقی ئاشكراكرد و ڕاشیگەیاند، “پشكی هەرێم لە بودجەدا كێشە نییە و باسی لێوە نەكراوە”.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی، پلاندانان، كۆمەڵایەتی و شارەوانی و نەوت و ڕاوێژكارەكانیان كۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر كێشەكانی بودجە كرا”.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشكرد، “گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر بودجە كرا، لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەكردووە، نابێت لە بودجەی ئەمساڵی عێراق قەرزی نوێی هەبێت و ڕێگەپێدراو نییە، بارودۆخی وڵات بەرگەی ئەوە ناگرێت”.