به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلاره‌وه‌ نرخی مریشك گران بوه‌


بەهۆی گرانبوونی نرخی دۆلار و گرانبوونی عەلەف و جووجک، نرخی مریشک لە بازاڕەکان گرانبووە و جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دەڵێت، بەهۆی ئەو گرانییەوە بەشێک لە خاوەن کێڵگەکان جووجکیان داخڵ نەکردووە و وایکردووە مریشک کەم بێت لە بازاڕه‌كاندان. 

 نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای سلێمانی   ڕاگەیاند، هۆکاری گرانبوونی مریشک بۆ بەرزبوونەوەی دۆلار بەرانبەر بە دینار، هەروەها گرانبوونی عەلەف کە یەک تەن ئێست‌ زیاتر لە 50 دۆلار گران بووە و جووجکیش گران بووە و 30 سەنتێکی ڕۆشتووەتەسەر، ئەوەیش لەسەر خاوەن کێڵگەکان گران دەکەوێت.

ئاشكراى كرد، ئێسته‌ بەهۆی ئەو گرانییەی کە دروستبووە وایکردووە بەشێک لە خاوەن کێڵگەکان جووجک داغڵ نەکەن و وایکردووە مریشک کەمتر بێ لە بازاڕەکان، لە کاتێکدا ئێمە پێمان خۆش نییە مریشک بەو شێوەیە گران بێت.

ڕوونى كرده‌وه‌، ئێسته‌ مریشک لە کێڵگەکان بە سەروو سێ هەزار دینار دەفڕۆشرێت و لە دووکانەکانیش بۆ سێ هەزار و 500 دینار دەفڕۆشرێت بە هاووڵاتییان، جاری وا هەیە مریشک بە خوار دوو هەزار دینار بۆ یەک کیلۆ فڕۆشراوە و زۆرجار ئێمە بە زەرەر فڕۆشتوومانە.

ئاماژه‌ى دا، ئەو گران بوونە تەنیا بۆ سلێمانی نییە و هەموو عێراقی گرتووەتەوە و نرخی مریشک بەهۆی ئەو هۆکارانە گرانبووە، بەڵام بەردەوام نابێت و لەگەڵ داغڵکردنی مریشک لەلایەن خاوەن کێڵگەکان نرخەکە هەرزان دەبێت.

هەرێمی کوردستان ساڵانە بەشی 20 ملیۆن هاووڵاتیی مریشک بەرهەم دەهێنێت و لە بەشی پێویستی زیاترە، تەنیا پارێزگای سلێمانی بۆ یەک ساڵی 65 هەزار تۆنی پێویستە بەڵام سەروو 200 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنرێت.