نرخی دۆلار ناجێگیرە و چەند خولەکێک جارێک گۆڕانی بەرچاوی بەسەردا دێت.
ئێوارەی دوێنێ نرخی دۆلار لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و بەهای ١٠٠ دۆلار لە ١٤٥ هەزار و ٣٠٠ دینارەوە، بۆ ١٤٢ هەزار و ٥٠٠ دینار کەم بوەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕ لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی، ١٠٠ دۆلار بە ١٤٢ هەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دوای کەمتر لە کاتژمێرێک جارێکی دیکە بەهاکەی بەرزبوەوە و لەکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ١٠٠ دۆلار بە ١٤٣ هەزار و ٧٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەو کەسانەی ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە هیچ بڕیارێک نییە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و هۆکاری دابەزینی بۆ لێدوانی پەرلەمانتارانی بەغدا دەگێڕنەوە، کە بە وتەی ئەوان بە ،ەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن، فشارکردن بۆ دابەزینی نرخی دۆلار دەکەنە ڕۆژەڤ، لەکاتێکدا بانکی ناوەندی نرخەکەی جێگیر کردوە و ڕایگەیاندوە، کە پەرلەمان ناتوانێت دەستکاریی نرخەکەی بکات.
هەر بەهۆی ئەو لێدوانانە و ترس لە دابەزینی زیاتی نرخی دۆلار لای ئەو کەسانەی، کە دۆلارێکی زۆریان هەڵگرتوە، خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە بازاڕی دۆلارەکە کردوە و دەیانەوێت دۆلارەکەیان بگۆڕنەوە بە دینار، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار.
نرخی دراوەكان لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی لەكاتی بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە بەمجۆرەن؛
100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 143 هەزار و 750 دیناری عێراقی
100 یۆرۆ بەرامبەرە بە 170 هەزار دینار
100 پاوەند بەرامبەرە بە 198 هەزار و 500 دینار
100 لیرەی تورکیش بەرامبەرە بە 19 هەزار و 250 دینار
100 هەزار تمەنی ئێرانیش بەرامبەرە بە 5 هەزار و 750 دینار