نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ ١٤٢ هەزار دینار دابەزیوە

لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ ١٤٢ هەزار دینار دابەزیوە و ئەوەش دوای ئەوەی، بە درێژایی ئەمڕۆ نرخی دۆلار لە دابەزین بەردەوام بووە.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، رۆژنامەی سەباحی فەرمی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی حکومەت هۆشداری بەو کەسانە داوە کە یاری بە نرخی شتومەکەوە دەکەن، نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ ١٤٤ هەزار دینار دابەزیوە.

هەر ئەمڕۆ، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد و تیادا هاتووە، بە بەردەوامی چاودێری بازاڕەکان دەکرێت و لێپێچینەوە لەو کەسانەش دەکرێت، کە یاری بە نرخی خواردن و شتومەکەوە دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ١٤٥ هەزار و ٧٥٠ دیناری عێراقی بوو.

لە ناوەڕاستی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق نرخی ١٠٠ دۆلاری لە ١٢٠ هەزار دینارەوە بۆ ١٤٥ هەزار دینار بەرزکردەوە و ئەوەش کاریگەری کردە سەر کار و داهاتی هاوڵاتیان.