وه‌زاره‌تی دارایی سووره‌ له‌سه‌ر جێگیركردنی نرخی دۆلار

وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر دابه‌زاندنی به‌های دۆلار راگه‌یاند.

وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عێراق سوربوونی خۆی له‌سه‌ر ده‌ستكاری نه‌كردنی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به‌دۆلاری ئه‌مریكی دوپاتده‌كاته‌وه‌و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی داراییش له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ دۆخی ئێستا 130.000 (سه‌د و سی هه‌زار) دینار به‌رامبه‌ر به‌ 100 (سه‌د) دۆلار گونجاوه‌.

عه‌بدولهادی سه‌عداوی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاندوه‌، ‌ گۆڕانكاری له‌ به‌های دیناری عیراقی به‌رامبه‌ر به‌دۆلار ده‌كرێت ئه‌نجامبدرێت، ئه‌ویش به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندی ده‌بێت .

وتیشی: بانكی ناوه‌ندی هیچ لاری نیه‌ و كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ دروست نابێت، به‌ڵام تا ئێستاش وه‌زاره‌تی دارایی سوربونی خۆی له‌سه‌ر رێگریكردن له‌گۆڕانكاری له‌به‌های دینار به‌رامبه‌ر به‌دۆلار دوپاتده‌كاته‌وه‌.