سەرباری رێکارییەکانی پەیوەست بەکۆرۆنا، بۆ نەورۆز زۆرترین گەشتیار هاتنە کوردستان

 ئامادەکردنی: ڕێژەن – بازرگانی و پیشەسازی
 
ساڵانە لەنەورۆزو وەرزی بەهاردا، ژمارەیەکی زۆر لەگەشتیار لەباشورو ناوەڕاستی عێراقەوە رو لەهەرێمی كوردستان دەكەن، سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم دەڵێت “سەڕەرای ئەو رێكارە توندانەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە گیراوبونەبەر، ئەم نەورۆزو بەهارە گەشتیارێکی زۆر روو لەکوردستان دەکەن”.

سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم، ئەمەل جەلال بە”بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید ١٩و ٢٠و بەپێیی ئەو رێكارە توندانەی وەزارەتی ناوخۆو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەریانكردووە جۆرێك لەرێگری دروستبووە بەرامبەر بەوەی كە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار روبكاتە كوردستان‌و شارەكان، ئەو وتی “بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو رێكارە توندانەش، دەبینین رۆژانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییە جیاوازەكانی كوردستان دەكەن لەنەورۆزدا، بەتایبەتی دوای ئەو رێكارانەی لەپارێزگاكانی عێراق گیراونەتە بەر، پێشبینی دەكەم كە شاری سلێمانی زۆرترین گەشتیار رووی تێبكات لەبەهاردا”.
 
وتیشی “ئامادەكاریمان بۆ نەورۆزو بەهاری ئەمساڵ ئەوەیە کە داوامان كردووە گەشتیار پەیڕەوی رێنماییە تەندروستییەكان بكات بۆ ئەوەی بتوانێ‌ سەردانی شارەكانی كوردستان بكات، هاوكات داوامان ئەوەیە كە کاتێک گەشتیار روو دەكاتە كوردستان لەهەموو بازگەكان پێشوازییان لێبكرێ‌‌و ئاسانكارییان بۆ بكرێ‌‌ تا هەست بەوە بكەن هاونیشتمانییەكی ئەم وڵاتەن‌و كاتێكی خۆش بەسەربەرن لەكوردستان”.
 
گەشیاری بەشێكی زۆر گرنگی ئابوریی زۆربەی وڵاتانی جیهانە، تا ئاستێك هەندێك وڵات وەكو پیشەسازی ناوی دەبەن، هێنانی گەشتیار واتە هێنانی پارەو چونەدەرەوەی گەشتیار واتە هەناردە كردنی سەرمایەو پارە كە بەزیان بۆ ئابوری وڵات دەشكێتەوە.
 
سەبارەت بەو گەشتیارانەی دێنە کوردستانەوە، جگە لەهاوڵاتیانی باشورو ناوەڕاستی عێراق بەمەبەستی گەشتیاریی، ئەمەل وتی “لەرۆژئاوا‌و رۆژهەلاتی كوردستانەوە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار دێن، لەتوركیاو ئێرانیشەوە بەحوكمی پەیوەندی ئابوریو بونی کۆمپانیاکانیان بەهەمان شێوە، هاوکات كارمەندانی نەتەوە یەکگرتوەکان‌و رێكخراوە جیهانییەکان کە لەكوردستان کاردەکەن، زۆرجار هاوڕێ‌‌و كەسوكاریان بانگهێشتی كوردستان دەكەن لەنورۆزو بەهاردا”. 
 
سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم لەبارەی پێشبینیەكانیان بۆ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی روویان لەهەرێم کرد لەماوەی جەژنی نەورۆزدا ئاماژەی بەژمارە نەدا، بەڵام باسی ئەوەیكرد ئەگەر هەیە گەشتیارێكی زۆر روو لەهەرێم کرد، جەغتی لەوەش کردەوە کە تا ئێستا ژێرخانی گەشتوگوزاری هەرێم نەخەمڵیوە بۆیە گەشتیاریی وەک پێویست گەشەی نەکردووە، ئەو وتی “”ئەگەر‌ ئێمە وەك ئوردون‌و توركیا‌و تونس‌و وڵاتانی تر بمانەوێ‌ وڵاتەكەمان بكەینە وڵاتێكی گەشتیاریی، دەبێت پێداویستییەكانی دابین بكەین، كارئاسانی بۆ گەیشتن بەشوێنەوارە دێرینەكان‌و شوێنە ئایینییەكان بکەین، كارەباو خزمەتگوزاری‌و شوێنی حەوانەوەو مانەوەو فریاكەوتن‌و رێگەوبانی گونجاو دابین بکەین، لەم روەوە ژێرخانی گەشتیاریی لەئاستی پێویستدا نییە، بۆیە هەمیشە داوامان ئەوەیە كە لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكارمان بن لەدابین كردنیاندا تا کەرتی گەشتیاریی پێشبکەوێت”.
 
وتیشی “ئەگەر ژێرخانی گەشتیاریی لەکوردستاندا ئامادە بکرێت، بەدڵنیایی داهاتێكی زۆر دەهێنێت بۆ هەرێمەکەمان‌و بەدابینکردنی ئەو پێویستیانە، کەرتی گەشتوگوزار دەبێتە یەكێك لەسەرچاوە گرنگەكانی داهات”.