ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید: په‌رله‌مان له‌ده‌سه‌ڵاتیدا نییه‌ ده‌ستكارى نرخى دیناربكات

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایی له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌موو په‌رله‌مانتاران پێكه‌وه‌ واژۆ كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى نرخى دینار به‌رامبه‌ر دۆلار گۆڕانكارى تێدابكرێت، هیچ كاریگه‌رى نییه‌و به‌پێى یاسا ئه‌وكاره‌ ناكرێت.
ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران رایگه‌یاند: “په‌رله‌مان له‌ده‌سه‌ڵاتیدا نییه‌ ده‌ستكارى نرخى دیناربكات‌و ئه‌و واژۆیانه‌ى بۆ ئه‌وبابه‌ته‌ كۆده‌كرێنه‌وه‌ كاریگه‌رى نابێت”.
وتیشى:”هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له‌نرخى دینارى عێراقى كێشه‌ى زۆر له‌بودجه‌ زیاد ده‌كات‌و ده‌بێته‌ هۆى دروستبونى كورتهێنانى زیاتر له‌بودجه‌دا”.
ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید جه‌ختیكرده‌وه‌، “ئه‌گه‌ر هه‌ر 328 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ پێكه‌وه‌ واژۆ كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى نرخى دینار به‌رامبه‌ر دۆلار گۆڕانكارى تێدابكرێت، هیچ كاریگه‌رى نییه‌و ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌بانكى ناوه‌ندى عێراقیه‌وه‌”.
وته‌كانى ئه‌ندامه‌كه‌ى لیژنه‌ى دارایی له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژانه‌ ئه‌و لیسته‌ى ئاماده‌كراوه‌ بۆ واژۆكردنى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى دینار به‌رامبه‌ر دۆلار ڕۆژانه‌ په‌رله‌مانتاران واژۆكانیان زیاد ده‌كه‌ن”.