بەڕێوەبەری گومرگی هەرێم: هەموو ساڵێک داهاتی گومرگ لە %20 زیادی کردووە

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، هێشته‌ بە تەواوی کاری بازرگانی بۆ هەرێمی کوردستان ئاسایی نەبووەتەوە، دەشڵێت لە چوارچێوەی سیستمی گومرگی کاری نایاسایی کەمی کردووە و کۆنترۆڵی مەرزەکان کراوە و داهاتیشمان زیادی کردووە.

ئەمڕۆ هەینی 19ی ئادار، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، لە بارەی کاری بازرگانی و هاتنە ناوەوەی بارهەڵگر بۆ ناو هەرێم لە ڕێی مەرزەکانەوە، هێشته‌ دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی نەبووەتە، دۆخە داراییەکە هۆکارە و ئەمەیش وایکردووە بەڕێژەیەکی کەم خواست کەمبووەتەوە و گەشتیاریش نایەنە ژوورەوە، کۆڕۆنایش هۆکارێکی ترە.

زیاتر وتى، لە ناو سیستمی گومرگی بەشێوەی زۆر باش کۆنترۆڵی مەرزەکان کراوە و ئێسته‌یش دیاردەی نایاسایی بەرە و کەمبوونەوە دەڕوات، ئەگەر کارێکی خراپ یان نایاسایی هەبێ دەخوازین لە داهاتوو چارەسەر بکرێت، لە دەرەوەی سیستمی گومرگی ئەو بابەتە پەیوەست نییە بە ئێمەوە نییە، ئێمە لە چوارچێوەی کاری گومرگ کار دەکەین.

ئاماژه‌ى كرد، ساڵانە داهاتی گومرگ زیاد دەکات و بەردەوامیش لە زیادبووندایە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە ساڵ بە ساڵ خواستی هاووڵاتیی لەسەر کەولوپەل و خۆراک زیاتر بێت و ئەوەیش وادەکات ڕۆژانە زۆرترین کاری بازرگانی و بارهەڵگر بێتە ناوەوە.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی ئاشکراى کرد، داهاتی گومرگمان لە دوای ساڵی 2016 ه‌وە بە ڕێژەی لە %20 بۆ هەموو ساڵێک زیادی کردووە واتە ساڵانە داهات لە %20 زیاد دەکات و ئەمساڵیش ئەگەر ڤایرۆسى کۆرۆنا ڕێ بدات داهاتی گومرگ بەڕێژەی زۆر بەرچاو زیاد دەکات. 

پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ ڕەوانەی مەرزەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ ڕێگری لە کاری قاچاخی و نایاسایی، ئەوەیش لە پێناو زیادبوونی داهات و گەڕانەوەی پارەی گومرگ بۆ سەر خەزێنەی دەوڵەت.