ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانیو پیشەسازی لەدوا كۆبونەوەیدا بڕیاری دا لیژنەیەك بۆ رێكخستنی ماركێتەكانی ناو شاری سلێمانی پێكبهێنێت.
سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانیو پیشەسازی بە”بازرگانیو پیشەسازی” راگەیاند كە ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانیو پیشەسازی لەدوا كۆبونەوەیدا كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو 4/ 3 ئەنجامدرا، سەبارەت بەو گللەییو گازندانەی هەم لەلایەن بازرگانانو هەم لەلایەن هاوڵاتیانو ماركێتەكانیشەوە ئاڕاستەی ژوور كراوە سەبارەت بەهۆكاری گران فرۆشی یان فرۆشتنی كەلوپەلو كاڵای ئاست نزمو خراپی ماركێتەكان یاخود قەرز نەدانەوەی بازرگانەكان لەلایەن خاوەن مارکێتەکانەوە، بڕیارمان دا لییژنەیەك پێکبهێنین، ئەو وتی “ئامانج لەپێکێنانی ئەم لیژنەیە رێكخستنی ماركێتەكانە بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی شاری سلێمانی”.
وتیشی “بۆ ئەوەی رێوشوێنێكی گونجاو بگرینەبەرو لەهەموو كاتێكی پێویستدا ئێمە لەگەڵیان قسە بكەینو بتوانین كێشەو گرفتەكانی هەم بازرگانانو هەم هاوڵاتیانو هەم ماركیتەكان بەزوویی چارەسەر بكەین”.