هاورده‌كردن و هێنانی كه‌لوپه‌ل و خۆراك و سه‌وزه‌ و میوه‌ له‌ مه‌رزی كێلێه‌وه‌ زیادی كردووه‌


به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی ئیداره‌ی راپه‌ڕین رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مساڵ به‌هۆی باشبوونی دۆخه‌كه‌ و دروستنه‌كردنی ئاسته‌نگ و باشبوونی دۆخه‌ داراییه‌كه‌، هاورده‌كردن و هێنانی كه‌لوپه‌ل و خۆراك و سه‌وزه‌ و میوه‌ له‌ مه‌رزی كێلێه‌وه‌ بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان زیادی كردووه‌.

هه‌رێمی كوردستان له‌ پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و له‌ رێگه‌ی چه‌ند مه‌رزێكی فه‌رمی و نافه‌رمی كاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاورده‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و مه‌رزی كێلێش یه‌كێكه‌ له‌و مه‌رزانه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری ئیداره‌ی راپه‌ڕین و ساڵانه‌ هاورده‌یه‌كی زۆر و بازرگانییه‌كی فراوان له‌ مه‌رزه‌كه‌وه‌ ده‌كرێت.

جه‌وهه‌ر ره‌سووڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ئیداره‌ی راپه‌ڕین راگه‌یاند، له‌ ناوه‌ڕاستی وه‌رزی پایز و له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌م به‌هۆی ئه‌وه‌ی سنووری جوگرافی ناوچه‌كه‌ و مه‌رزی كێلێ وا هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌شێكی سارده‌، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ زووتر به‌فر له‌ ناوچه‌كه‌ ببارێت و به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆریش ببارێت كه‌ هه‌ندێجار گرفتی هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕمان بۆ دروست ده‌بێت.

روونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ دۆخی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاورده‌ له‌ مه‌رزی كێلێ له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران زیادی كردووه‌، ئێسته‌ هیچ گرفتێك نییه‌ و دۆخه‌ ئابووری و داراییه‌كه‌یش باشبووه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ئاڵوگۆر و هاورده‌ی كه‌لوپه‌ل له‌ سنوره‌كه‌ زیادبێت و رۆژانه‌ زۆرترین بارهه‌ڵگر بێنه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان.

وه‌ك به‌رێوه‌به‌ری‌ گومرگه‌كه‌ وتی‌، ئێران بۆ به‌زاندنی خاكی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند سه‌د مه‌ترێك هاتووه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێم له‌ سنووری ئیداره‌ی راپه‌ڕین و خاكی هه‌رێمی داگیر كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و داگیركردنه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ئه‌وه‌ به‌ درێژایی سنووری ئێران و هه‌رێم، ئێران دێته‌ ناو خاكی هه‌رێم، پێشتریش لیژنه‌ی تایبه‌تی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كردبوو بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كه‌.