حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگیی كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان، هەوڵدەدات 11 ناوچەی گەورەی پیشەسازی بوونیاد بنێت.
وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و دەستەی وەبەرهێنان، شوێنی بۆ ناوچە پیشەسازییەكان دابین كردووە.
فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم ڕایگەیاند، “وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە پلانیدایە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و لایەنی پەیوەندیدار، هەوڵی دامەزراندن یان پەرەپێدانی 11 ناوچەی پیشەسازی دەدات”.
وتەبێژی بازرگانیی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی ژێرخانی پیشەسازیی هەرێم قۆناغێكی نوێ بەخۆیەوە ببینێت و بەرهەمی ناوخۆ بگاتە ئاستێكی زۆر بەرز”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو 11 ناوچە پیشەسازییە دەرفەتی گەورە دەڕەخسێنن بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، دەرفەتێكی گەورەش دەبێت بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەیەكی”.
سەبارەت بەو لایەنەی ئەركی دروستكردنی ئەو ناوچە پیشەسازییانەی لە ئەستۆ دەبێت، وتەبێژەكەی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاند، “كەرتی تایبەت دروستیان دەكات و پەرەی پێدەدات، بەڵام بە سەرپەرشتیی حكومەت، دەتوانین بڵێین هاوبەشن لەنێوان كەرتی تایبەت و حكومەت”.
“تا ئێستا چەند لایەنێك گرنگییان بە باتەكە داوە، لایەنی بیانی وەك وڵاتانی ئیمارات و ئوردن، بەڵام وەبەرهێنەرانی ناوخۆ زیاتر گرنگی بەو بابەتە دەدەن”، وەك فەتحی محەمەد وتی.
ئاشكراشیكرد، “لە هەرێمی كوردستان 3 هەزار و 566 كارگە و كۆمپانیا هەن، لە لیستی كۆمپانیا بیانییەكانیشدا توركیا بە زیاتر لە هەزار و 600 كۆمپانیا و كارگە لە پلەی یەكەمدا دێت و دواتر ئێران و لە پلەی سێیەمیش ئیمارات دێت، لەڕووی وەبەرهێنانیشەوە توركیا زۆرترین وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستان كردووە”.
لەبارەی دابەشبوونی ناوچەیی ئەو پرۆژانە، وتەبێژی بازرگانیی هەرێم وتی، “بەپێی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی بارزگانی و وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان، پێویستە ئەو ناوچە پیشەسازییانە لە دەرەوەی شارەكان بن و نزیك نەبن لە شوێنی نیشتەجێبوون و پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەكان بن و نەبنە هۆی پیسبوونی ئاووهەوا”.
ئەوەشی خستەڕوو، “لە پارێزگای هەولێر سێ ناوچە دروست دەكرێت و لە سلێمانی چوار و لە دهۆك و هەڵەبجە و گەرمیانیش چەند ناوچەیەك دروست دەكرێن”.