ژمارەیەک لە بازرگانانی سنوری ئیدارەی گەرمیان داواکاریەک ئاراستەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکەن، داوا دەکەن بڕیاری مانەوەی بارەکانیان بۆ دوای پشکنین هەڵبوەشێتەوە.
لە داواکاری نامەیەکدا کە واژۆی ٣٨ بازرگانی لەسەرەو ئاراستەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کراوە دەڵێن: ئێمە وەکو بازرگانانی کۆفرۆش کۆگامان هەیە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان کە ڕۆژانە و بە بەردەوامی کەل و پەلی بازرگانینمان بۆدێت لەسنوری مەرزی پەروێزخان و سەرتەکەوە، پێشتر هەموومان بە بەڵێننامەی یاسایی لەڕێگەی دادنوسەوە بەڵێنمان دابوو کەل و پهلەکانمان لەکۆگاکانمان بمێنێتەوە تاوەکو دەرئەنجامی پشکنین تەواو دەبێت، ئەگەر لەپشکنین دەرنەچوو ئەوا لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەیگەڕێنینەوە بۆسەر سنور و گۆرەپانی گومرگ.
دەشڵێن: ئەم کارە زیاتر لە ١٧ ساڵە بەم شێوەیە بەڕێوەچووە بەڵام لەئێستادا لەپاش پشکنینی کۆگاکانمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیان و دەروازەی پەروێزخانی نێودەوڵەتی و یەکەی پشکنینی خۆراکی پەروێزخان وە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیان ئامدەنیە ئاسانکاریمان بۆبکات ئەمەش بۆتە مایەی دروستبونی قەرەباڵغی زۆر لەمەرزەکاندا لەگەڵ بارگرانی بۆ ئێمەش.
ئاماژە بەوەشدراوە: هیچ کۆگایەک لەسەر سنورەکان نییە و لەمەرزەکانی تردا کارئاسانی دەکرێت وە کەلوپەلەکان تاوەکو پشکنینی تەواو دەبێت ڕێگە دەدرێت بە بازرگانان کە لە کۆگاکانی خۆیان بارەکانیان دابنێن.
لەکۆتایدا داوا دەکەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هاوکاریان بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان وەک هاوشێوەی مەرزەکانی دیکە.
لای خۆشیەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێک دەدەین تابتوانین بەشێوەیەکی یاساییانە و پەیوەندی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت و بازرگانان توشی زیان نەبن.