*جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: پێویستە ئەو یاسایانە هەموواربکرێنەوە کەلەمپەر دروست دەکەن لەبەردەم جێبەجێکردنی کاروبارەکانی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت بەشێوەیەکی گشتی.
ئەمڕۆ دووشەممە (15/3/2021)، قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەى پرۆسەى نوێى تۆمارى کۆمپانیاکانی کرد کەلەرێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانس (ئۆنلاین)ەوە ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى هەنگاوەکانی پرۆسەى نوێى تۆمارى کۆمپانیاکان کرا و هەڵسەنگاندن کرا بۆ راسپاردەکانی کۆبوونەوەکانی پێشوو.
جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران جەختی کردەوە کە ئامانج لەرێکخستنەوەى تۆمارى کۆمپانیاکان هەنگاوێکە بۆ باشتر خزمەتکردن و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و ئاسانکارى کردن بۆیان لەپێناو ڕایی کردنی کاروبارەکانیان لەدام و دەزگاکانی حکومەتدا.
هەروەها ئاماژەى بەوەشکرد کەبەهێزکردنی کەرتی تایبەت دەبێتە هۆکار و یارمەتیدەرێک بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابوورى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە وەكو حكومەت كار دەكەین بۆ بەھێزكردنی كەرتی تایبەت.
جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران راشیگەیاند: پێویستە ئەو یاسایانە هەموواربکرێنەوە کەلەمپەر دروست دەکەن لەبەردەم جێبەجێکردنی کاروبارەکانی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت بەشێوەیەکی گشتی. ھەروەھا جەختی لەسەر بەئەلیكترۆنی كردنی پرۆسەی تۆمار كردنی كۆمپانیاكان کردەوە.