سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت، لهگهڵ ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنحامدا و تیایدا چەندین بڕیار لە بارەی گەشەپێدانی وەبەرھێنان و ڕێکخستنەوەی پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دران.
لە کۆبوونەوەکەدا كه ئهمڕۆ دووشهممه ئهنجامدرا، بووژاندنەوە و گەشەپێدانی وەبەرھێنان و نەهێشتنی ڕووتین و دروستکردنی پۆرتاڵێکی تایبەت بۆ زوو ڕاییکردنی کاری وەبەرھێنەران و دەستپێکردنەوەی پڕۆژە وەستاوو تەواونەکراوەکان و دانانی میکانیزمێک بۆ چۆنیەتی گۆڕینی سێکتەرەکانی وەبەرهێنان، تاووتوێ کرا.
مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، کاریکردووە لە پێناو فراوانکردنی پرۆسەی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی لە ڕێگەی داڕشتنەوە و هەموارکردنی یاساکانی وەبەرهێنان و برەودان بە خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان و پەیڕەوکردنی سیستەمی یەک پەنجەرەیی، تا پرۆسەی وەبەرهێنان خێراتر ببێت و بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بێت .
لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چەندین بڕیار لە بارەی گەشەپێدانی وەبەرھێنان و ڕێکخستنەوەی پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دران.