نرخی نەوت بەهۆی زیادبوونی خواستی چین لەسەر وزە بەرزبووەوە

نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئازار لە 70 دۆلار نزیکدەبێتەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئاماژەکانی بووژانەوەی کەرتی ئابوریی چین و زیادبوونی خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوت وزە دەگەڕێتەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا بە بڕی 47 سەنت و ڕێژەی %0.7  بەرزبووە و نرخەکەی گەیشتە 69.69 دۆلار.

هەروەها نرخی نەوتی خاوی تەکساس ئەمڕۆ بە بڕی  49 سەنت و %0.8 بەرزبووە و گەیشتە %66.10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئاماژەکانی گەشەی پیشەسازیی وڵاتی چین و ئەو کێبڕێیەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەو وڵاتە لە کەرتی پیشەسازی و ئابوریی چین هۆکاری زیادبوونی خواستی گەورەترین وڵاتی هاوردەکاری نەوتن لە جیهاندا و بەمەش نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

سینج ییک تی، شیکەرەوە لە کۆمپانیای وەبەرهێنەری SIA Energy ی چینی ڕایگەیاند، پیشەسازی قورس لە چین گەشەی گەورەی بەخۆوە بینیوە بە بەراورد بە گەشەی لەدوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2019.