بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا.. بتكۆین ژمارەیەكی پێوانەیی خۆی شكاند

دراوە ئەلیكترۆنییە ناسراوەكەی جیهان، ژمارەیەكی پێوانەیی پێشووی شكاند، پاش ئەوەی ئەمڕۆ ئاستێكی مێژوویی نوێی تۆماركرد و گەیشتە 61.6 هەزار دۆلار بۆ هەر بتكۆین-ێك، شارەزایانیش هۆكارەكەی بۆ پلانی هاندانیی ئابوریی ئەمریكی دەگەڕێننەوە.

بەرزبوونەوە بەرچاوەكەی بتكۆین لەكاتێكدایە تادێت دراوەكە لەسەر ئاستی تاك و كۆمپانیاكانی جیهان زیاتر پەسەند دەكرێت، بەتایبەت لەلایەن ئەوانەی پێیانوایە كاركردن لەسەر دراوە ئەلیكترۆنییەكە هۆكارێكی وەبەرهێنانی كورت مەودایە بۆ بەدەستهێنانی دراو و قازانجی زۆر.

لە كاتژمێر (05:10 بە كاتی گرێنچ)ی ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئازار نرخی بتكۆین بۆ 61.62 هەزار دۆلار بەرزبووەوە، پاش ئەوەی ڕۆژی پێشتر لەكاتی داخستنی بازاڕدا گەیشتە 60.7 هەزار دۆلار.

هۆكاری بەرزبوونەوەكە
نیل ویلسۆن، شیكەرەوە لە سایتی (ماركتس دۆت كۆم) پێیوایە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بتكۆین لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەوەیە كە وەبەرهێنەران چاوەڕوانی گەیشتنی چەكی پارە ئەمریكییەكانن لە چوارچێوەی پلانی هاندانی ئابوری، وەك ئەوەی لە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسیدا هاتووە.
چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە ئەمریكییەكان چەك و حەواڵەكانیان بە بەهای 1400 دۆلار بۆ هەر تاكێك پێبگات، لەچوارچێوەی پلانێكدا كە بەهاكەی دەگاتە 1900 ملیار دۆلار كە پێنجشەممەی ڕابردوو لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكاوە واژووكرا.

لای خۆیەوە نەعیم ئیسلام، شیكار لە (ئاڤا تراید) وتی، چەكی هاندانی ئەمریكی ڕێگە بە وەبەرهێنەرە بچوكەكان دەدات بەشێك لە پارەكانیان لە بتكۆین-دا بەگەربخەن.

وتیشی، “چاوەڕوانی بەردەوامی زیادبوونی بەهای دراوەكە دەكەم، بەهۆی ئەوەی لەئێستادا كڕینی بتكۆین ئاسانتر بووە”.

بەڵام بەرزبوونەوە خێراكەی دراوە ئەلیكترۆنییەكە بووەتە مایەی نیگەرانی هەندێك لە چاودێرانی بازاڕ، ئەوان ڕودانی دابەزینێكی گەورە بەدوورنازانن، لەكاتێكیشدا زۆرێك ترسیان لە هەڵگەڕانەوەی بازاڕی بتكۆین هەیە، هەندێكی دیكە دەڵێن، دۆخەكە جیاوازە لە ساڵی 2017، كاتێك نرخەكان بەرزبووەوە بەر لەوەی جارێكی دیكە ڕوبەڕووی داڕمان ببێتەوە لە سەرەتای ساڵی 2018دا.