ئا: بازرگانیو پیشەسازی
یاسین رەحیم فەرەج، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەرۆڵی پڕ بایەخی خاوەنكارو بازرگانانی كوردستان لەگرنگترین بڕگە مێژووییەكانی دوای راپەڕیندا دەكات لەهەرێمی كوردستانو دەڵێت “ژوورە بازرگانیەكان پەرلەمانی كەرتی تایبەتو نوێنەرانی بازرگانانن، پێویستە حكومەتی هەرێم لەبڕیارە ئابورییو كارگێڕییەكاندا پرسو راوێژیان پێبكات”.
یاسین رەحیم بە”بازرگانیو پیشەسازی” راگەیاند ژوورە بازرگانیەكان نوێنەری بازرگاننو دەتوانن هاوكارێكی راستەقینەی حكومەتی هەرێم بن لەكارا كردنی دامودەزگاكانیو كەمكردنەوەی رۆتیناتو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیو تێپەڕاندنی قەیرانی داراییدا، ئەو وتی “بازرگانانی نیشتمانپەروەر لەسی ساڵی رابردوودا رۆڵی جوامێرانەیان هەبووە، لەرۆژگاری گەمارۆی ئابوریو سەرەتای دامەزراندنی پەرلەمانو حكومەتی هەرێمدا تا ئەو كاتەی نەوت لەهەرێم دۆزرایەوەو دەرهێنرا، پاڵپشتێكی دارایی تۆكمەی حكومەتی كوردستان بوونو سەرچاوەی داهاتی بوون، كە لەڕێگەی كۆمەكو گومركی كاڵاكانیانەوە، حكومەتی هەرێم توانی وردە وردە بودجەو مووچەو ژیانی خەڵك دابین بكات”.
وتیشی “لەقۆناغی دواتریشدا، ئەوە خاوەنكارو بازرگانان بوون كە رۆڵی بەرچاویان لەئاوەدان كردنەوەی وڵاتو بوژانەوەی كەرتەكانی پیشەسازیو كشتوكاڵو گەشتیارییو بیناسازیدا بینی، لەكاتی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایشدا كۆڵیان نەداو سەرباری هەموو مەترسیو گرفتو ئاستەنگەكان ئامادە بون ریسك بەسەروەتو سامانەكەیانەوە بكەنو وەبەرهێنان بۆ درێژخایەن بكەن، لەشەڕی داعشیشدا پشتیوانێكی بەهێزی دارایی هێزی پێشمەرگە بوون”.
جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیو پیشەسازی جەغت لەوە دەكات لەساڵی رابردوودا، كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسییەكی گەورە بووەو حكومەتی هەرێمیش روبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە، ئەوە بازرگانو ژوورە بازرگانیەكان بوون كە رێگەیان نەداوە بازاڕ پشێویی تێبكەوێت، ئەو وتی “سەرباری هەموو تەنگەژەو مەترسییەكانی ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، خاوەنكارو بازرگانو ژوورە بازرگانەكان رۆڵی كارایان بینیوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابورییەوە پەكی نەكەوێت، حكومەت بەبێ ئەوەی پارەی پێبێو قەرزاری موچەخۆران بوو، بازرگانان توانییان بازاڕ كەموكورتی پێوە دیار نەبێو گرانفرۆشی تێنەكەوێ، ژوورەكانی بازرگانیو پیشەسازی رۆڵی رۆژانە لەپەیوەندیدا بوون لەگەڵ ولاتانی دەرەوەو لەناوخۆشدا چاودێرێكی كارا بوون بۆ ئەوەی بازاڕ لەڕووی نرخو كوالێتییەوە هیچ كەموكورتییەكی تێنەكەوێ”.
وتیشی “ژوورە بازرگانیەكان نوێنەری ئەو بازرگانە جوامێرانەو پەرلەمانی كەرتی تایبەتن، لەتەواوی عێراقو كوردستان جوڵەو چالاكیان هەیە، ژمارەیەكی زۆر ئەندامیان هەیەو دامەزراوەیەكی هەڵبژێردراوی شەرعین، رۆڵی گرنگیان هەیە لەژیانی ئابوریو كۆمەڵایەتیدا، پڕۆژەیان هەیە بۆ چاكسازیی ئابوری، كەواتە بۆچی گوێیان لێنەگیرێو لەبڕیارەكانی پەیوەست بەئابوریو داراییدا پرسو راوێژیان پێنەكرێ؟”.