وەزارەتی کارەبا: لە مانگی چوارەوە دابەشکردنی کارەبا دەدرێت بە کەرتی تایبەت

بەڕێوبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەرێم ئەمڕۆ شەممە 13ی ئازار ڕایگەیاند کە پرۆسەی هاوبەشی پێکردنی کەرتی تایبەت لە خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و کەرتی کارەبادا لە مانگی چوار و پێنج کۆتایی دێت.

 ئومێد سەباح، بەڕێوبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، “لە هەفتەی ڕابردوودا سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێت بەشداری بکەن لە پرۆسەکەدا پرۆپۆزەڵی خۆیان پێشکەش کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا پێداچوونەە بە پرۆپۆزەڵەکاندا نەکراوە”.

وتیشی، “دوای ئەوەی پێداچوونەوە بە پرۆپۆزەڵی ئەو کۆمپانیایانەدا دەکرێت بڕیار لەسەر هاوبەشیپێکردنیان دەکرێت لە کەرتی کارەبای هەرێم”.

ئاماژەی بەوەکرد کە هاوبەشی پێکردنی کۆمپانیاکان لە کەرتی کارەبا پەیوەندیی بە نرخی کرێی کارەبای هاوڵاتییانەوە نییە تەنانەت ئەگەر وەرگرتنی کرێی کارەبا بدرێت بە کەرتی تایبەت نرخەکەی خۆمان لە وەزارەت دیارییدەکەین نەک کەرتی تایبەت بە ئارەزووی خۆیان دیاریکەن.

ڕاشیگەیاند بڕیاری هاوبەشیپێکردنی کەتی تایبەت لە دەسەڵاتەکانی وەزارەتی کارەبادایە و هاوبەشییان پێدەکرێت بۆ کارەکانی چاککردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی کارەبا بەڵام سەرجەمیان لەژێر دەسەڵات و کارپێکردنی وەزارەتی کارەبا دەبێت.

سەبارەت بەوەی کاتی جیبەجێکردنی پرۆسەکە کەی دەبێت؟ بەڕێوبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەرێم وتی، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە بۆ پرۆسەکە لە مانگی چوار و پێنجەوە کارەبا دەدرێت بە کەرتی تایبەت.

باسیلەوەکرد یەکێک لە سودەکانی هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە دابەشکردنی کارەبادا ئەوەیە کە ڕێگری لە زیادەڕۆیی کارەبا دەکات لاکاتێکدا زیادەڕۆیی کارەبا ئێستا لە هەرێمی کوردستان 40%ە.

لە بەرواری 2ی حوزەیرانی 2020دا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە وەزارەتی کارەبا بڕیاریداوە دابەشکردنی کارەبای هەرێمی کوردستان بدرێتە کەرتی تایبەت و بەوپێیەش %85ی کارەبا لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەمدەهێنرێت و کرێکارانی کەرتەکەش بەڕێژەی %70 ئەو کرێکارانە دەبن کە لەسەر میلاکی وەزارەتی کارەبان.