سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێمی كوردستان: زیاتر لە 100 پرۆتۆكۆڵی لێكگەیشتنمان لەگەڵ وڵاتان هەیە

دكتۆر دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێمی كوردستان،  لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ رۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “پێویستە هەرێمی كوردستان قۆناغی پشت بەستنی راستەوخۆی بەنەوت تێپەرێنێت‌و بچێتە قۆناغی هەمەچەشنكردنی ئابوری‌و سەرچاوەكانی داهات”.

بازرگانی‌و پیشەسازی: رەوشی بازرگانی‌و پیشەسازی ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ 
دارا جەلیل خەیات: رەوشی بازرگانی‌و پیشەسازی ئێستای هەرێمی كوردستان دەكرێت بكرێت بەدوو قۆناغی جیاواز، قۆناغی سەردەمی كۆرۆنا كە داخستنی گشتی سەریهەڵداو بووە هۆی دروستبوونی مەترسی لای خەڵك بۆ هۆی نەمانی كاڵاو كەلوپەلی خۆراك، بەڵام خۆشبەختانە ئەمە رووینەداو ئێمە وەكو یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەسەر هێل بووین بۆ ئەوەی هانی بازرگانان بدەین بەردەوام كاڵاو كەلوپەلی خۆراك هاوردەی هەرێم بكەن، كە ئەمەش بووە هۆكارێك جوڵەی بازرگانی لەژێر چاودێری رێنمایە تەندروستیەكان بەردەوام بێت. دوای ئەوەش قۆناغێكی دیكە دەستیپێكرد كە قۆناغی كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، دەتوانین بڵێین پێشكەوتن‌و گەشەسەندنی بەرچاو لەجوڵەی بازرگانی روویدا. سەبارەت بەرەوشی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان ئێمە بەردەوام ئەو كێشەو گرفتانەی لەم سێكتەرە هەیە دەگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدارو هەڵدەدەین بۆ ئەوەی زۆرترین كاری وەبەرهێنان لەو سێكتەرە بكرێت بۆ ئەوە ببین بەخاوەنی بەرهەمی پیشەسازی ناوخۆیی. 
بازرگانی‌و پیشەسازی: چۆن دەتوانین کار لەسەر ئەوە بکەین ئابوری هەرێمی كوردستان گەشە بكات؟ 
دارا جەلیل خەیات: پێویستە هەرێمی كوردستان قۆناغی پشت بەستنی راستەوخۆی بەنەوت تێپەرێنێت‌و بچێتە قۆناغی هەمەچەشنكردنی ئابوری‌و سەرچاوەكانی داهات وەكو سێكتەری كشتوكاڵ كە هەرێمی كوردستان مێژوویەكی دوورو درێژی هەیەو دەتوانێت زۆر بەخێرایی تێكەڵی كەلتوری كشتوكاڵ بێت، هەروەها دەتوانین سوود لەسروشتی جوانی كوردستان وەبگیرین بۆ سێكتەری گەشتیاری بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت زۆرترین داهات لەو سێكتەرە كۆبكرێتەوە، جگە لەوەش سێكتەری پیشەسازی كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت ناوچەی پیشەسازی گەورە دروستبكات‌و هەم هەلی كار لەو ناوچانە بۆ دەرچوانی زانكۆو پەیامانگاكان بڕەخسێنێت‌و هەم ببینە خاوەن بەرهەمی تایبەتی ناوخۆی خۆمان، ئەمانە هەندێك خاڵن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئابوریەكەی گەشە بكات. 
بازرگانی‌و پیشەسازی: پەیوەندیەكانی ژووری بازرگانی چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ 
دارا جەلیل خەیات: یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێمی كوردستان پەیوەندیەكی قوڵی هەیە لەگەڵ زۆربەی ژوورە بازرگانیەكانی جیهان‌و وڵاتانی عەرەبی، زیاتر لە 100 پرۆتۆكۆڵی لێكگەیشتنمان لەگەڵ وڵاتان هەیەو لەساڵانی رابردوودا 5 كۆنفرانسی گەورەمان لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان‌و عەرەبی‌و عێراقی ئەنجامداوە، جگە لەوەش سەدان دیدارو كۆبوونەوەی ئابووریمان لەگەڵ بازرگان‌و وەبەرهێنەرانی جیهانی‌و وڵاتانی عەرەبی ئەنجامداوە، لەسەر ئاستی عێراقیشدا پەیوەندی باشمان لەگەڵ سەرجەم ژوورە بازرگانیەكانی عێراق هەیەو لەماوەی رابردوودا كۆبوونەوەی سەرجەم ژوورە بازرگانیەكانی عێراق بەدوو كۆبوونەوەی جیا لەشاری هەولێرو سلێمانی ئەنجامدرا.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ له ژماره‌ سفری‌ رۆژنامه‌ی بازرگانی و پیشه‌سازیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌