ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی لەچارەسەرکردنی کێشەی عەلوەکەدا دەستپێشخەر بوو

ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

 بەدەستپێشخەری سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی‌و ئاوات  محەمەد قایمقامی سلێمانی، کێشەی داخستنی عەلوەکە چارەسەر کراو چارەسەری کێشەی نێوان خاوەن بارهەڵگرانی مەرزی باشماخ‌و بازرگانانی عەلوەکەی کرا.

حاجی عەتا محەمەد نوێنەری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی لەعەلوەی سلێمانی بە:بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند پاش هەوڵ‌و کۆششی هەریەک لە سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی‌و ئاوات  محەمەد قایمقامی سلێمانی، توانرا هەردو لایەنی کێشەکە کە خاوەن بارهەڵگرانی مەرزی باشماخ‌و بازرگانانی عەلوەکەن بەئامادەبوونی چاودێری بازرگانی‌و ئاسایشی ئابوری‌و ئاسایشی عەربەت کۆببنەوەو رێگە بۆ چارەسەی کێشەکان هەموار کراو هەردولا گەیشتنە رێککەوتن، ئەو وتی “لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ئەو کۆنووسەی پارێزگا دەریکردوە چاوی پیا بخشێنرێتەوەو ئێمەش لەئەممڕۆ ٧ /٣ەوە ئوتومبێلەکانمان بچنەوە سنوور”.
وتیشی “تا ئێوارەی دوێنێش کە ئوتومبێلمان ناردوە رێگەکە ئارام نییە، دیسان بەقایمقامی سلێمانیمان وتوە، بەڵێنی داوە ئەمڕۆ هێزی لیوای بەرگری سلێمانی‌و هێزەکانی ئاسایش بخاتە ئەو رێگەیە بۆ ئەوەی بگەڕێن‌و بەدواداچون بکەن‌و هیچ شتێک رونەدات”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەیانی رۆژی هه‌ینی ڕابردوو عەلوەکە داخرابوو بەهۆی کێشەی نێوان بارهەڵگرەکانی مەرزی باشماخ‌و بازرگانانی عەلوەکەوە، لەئەنجامی ئەوەشدا نرخی سەوزەو میوە لەبازاڕدا بەرز بوەوە، ژووری بازرگانی بەمەبەستی ئەوەی مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت‌و هاوڵاتیانیش بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سەوزەو میوەوە زیان نەکەن، هەوڵی بەردەوامی دا بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکە بکرێت.
ساڵانە ئەم کێشەیە لەنێوان بارهەڵگرەکانی مەرزی باشماخ‌و سەیرانبەند رودەدات، بەهۆی ئەوەی کە بڕیار دراوە نابێ بازرگانانی عەلوە بارهەڵگریان هەبێت‌و بار بێنن‌و بەرن، بازرگانانی عەلوەکەش هەڕەشەی ئەوەیان کرد هەتا کێشەکەیان چارەسەر نەکرێت عەلوە ناکەنەوەو هیچ خۆراکێک نانێرنە بازاڕ.
سۆران کەریم مەحمود، کە یەکێکە لەبازرگانانی عەلوەکەو هاوکات خاوەنی بارهەڵگریشە، بە”بازرگانی‌و پیشەسازی: راگەیاند کە ساڵی 2017 کاتێک كێشە دروستبوو لەنێوان بارهەڵگراندا لەباشماخ، وتیان نابێت بازرگانی عەلوە لەم مەرزەدا كار بكات، ئێمە نزیكەی 85 بارهەڵگر بۆ 90 بارهەڵگر دەبوین گواستمانەوە بۆ مەرزی سەیرانبەند، خۆیان دەستخۆشییان لێكردوین كە چوینەتە مەرزی سەیرانبەند، وا چوار ساڵە بێ‌ كیێشەین‌و لەم مەرزە كار دەكەین، بەڵام ئێستا ئەم بەڕێزانەی خەتی باشماخ دەڵێن ئێوە بۆتان نییە لەمەرزی سەیرانبەند ئیش بكەن، ئەوان دەڵێن ئێوە بونەتە هۆكاری ئەوەی باری عەلوە لەسنوری باشماخ نەمێنێ‌‌و ئیشمان كەم بێتەوە، هاتون سەر رێگەیان گرتوەو نایەڵن بارهەڵگرەكانمان بڕۆن، بۆیە بازرگانانی عەلوەکە لەبەرئەوەی حكومەت بێتە سەر خەت‌و ئەم کێشەیە چارەسەر بکات‌و رێگەکە بكرێتەوە، عەلوەکەیان داخست”.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ له ژماره‌ سفری‌ رۆژنامه‌ی بازرگانی و پیشه‌سازیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌