کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی و شۆفێرانی باشماخ ڕێککەوتن

بازرگانانی عەلوەی سلێمانی و شۆفێرانی مەرزی باشماخ لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکراوە.

دوای دروستبوونی ئەو ئاڵۆزییانەی کە لەنێوان بازرگانانی عەلوەی سلێمانی و شۆفێرانی مەرزی باشماخ و سوربوونی شۆفێرانی مەرزی باشماخ لەسەر نەهێشتنی بارهەڵگری خاوەن قاتعەکانی عەلوەی سلێمانیدا، ئەمڕۆ سەندیکای کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا کرد.

لەکۆنگرەکەدا عەتا محەمەد وتەبێژی سەندیکای کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی وتی: بازرگانانی عەلوە ئازادن لەهەر مەرزێکەوە باربهێنن و لەئەمڕۆوە بارهەڵگرەکانی عەلوە گەڕاونەتەوە بۆ مەرزەکان بۆ هێنانی بار بۆ عەلوەی سلێمانی.

هەروەها لەڕێککەوتنەکەدا نرخی هێنانی باری بارهەڵگرەکان دیاریی کراوە و هەر بارێکی عەلوە پێویستە بەبارهەڵگری بەڕاد(ساردکەرەوە) بهێنردێتە عەلوە، هەر لەڕێککەوتنەکەشدا ئاماژە بە نەمانی ئەو ئۆتۆمبێلانە کراوە کە لەساڵی ٢٠١١وە بەنایاسایی داخڵی مەرزەکان کرابێت و پێویستە نەمێنن.

خاڵیکی دیکەش کە لەسەری ڕیککەوتون نەمانی ئۆتۆمبێلی بازرگانەکانە لە مەرزەکاندا و نابێت هیچ بازرگانێک بە ئۆتۆمبێلی خۆی بار لە مەرزەکانەوە بهێنێت.

ئەم ڕێککەوتنەش دوای ئەو گرژیانەی هەفتەی ڕابردووی نێوان شۆفێرانی مەرزی باشماخ و بازرگانانی عەلوە و چەند جارێک گردبوونەوە و داخستنی دەرگای عەلوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دێت.