پێنج كارگە لەسلێمانی جگەرە بەرهەم دەهێنن

ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

پێنج كارگەی جگەرە لەپارێزگای سلێمانی خەریكی بەرهەمهێنانی جگەرەن، لەكاتێكدا کوردستان یەكێكە لەگرنگترین ناوچەكانی بەرهەمهێنانی توتن، كەچی ئەو كارگانە بۆ بەرهەمهێنانی جگەرە پشت بەهاوردەكردنی توتن لەدەرەوە دەبەستن.

هیوا (ناوێكی خوازراوە)، كە لەكارگەیەكی جگەرەی نزیك شاری سلێمانی كار دەكات، خەریكی ریز كردنی پاكەت‌و گلۆسە بەرهەمهێنراوەكانی كارگەكەیە، ئەو بە”بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند لەخولەكێكدا كارگەكەیان توانای بەرهەمهێنانی 220 پاكەت جگەرەی هەیە، ئەو وتی “زۆربەی بەرهەمەكانمان لەبازاڕی ناوخۆدا ساغ دەبنەوە”.
وتیشی “لەم كارگەیەدا كە چەند جۆرە براندێك بەرهەم دەهێنرێت‌و توتنمان لەدوبەییەوە بۆمان دێت! بێگومان کوالێتی توتنی خۆمان زۆر لەتوتنی هاوردەکراو باشترە، ئەگەر لەكوردستاندا توتن بەرهەم بهێنرێت، ئێمە لەكرێی گواستنەوەو دواكەوتنیشی رزگارمان دەبێ‌‌و تێچونی بەرهەمەكەمان كەمتر دەبێت”.
سەبارەت بەتێچونی ئەم جگەرانە بەراورد بەجگەرەی هاوردەكراو، هیوا وتی “جگەرەی خۆمان ئەگەر پشت بەتوتنی كوردستان ببەستێت ئەوا دەتوانێ‌ ركەبەری لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە بكات لەڕووی نرخەوە، بەڵام لەبەرئەوەی توتنمان نییە‌و لەدەرەوە بۆمان دێت تێچونی زیاتر دەبێت”.
لەم كارگەیەدا ئەوەی سەرنجڕاكێشە، 20 بۆ 25 پاكستانی‌و 12 تورك كاری تیا دەكەن، لەمبارەوە هیوا وتی “پاكستانی‌و توركەكان ئەندازیاری ئامێرەكانن‌و شارەزان لەبەرهەمهێنانی جگەرەدا، ئێمە لەپلان‌و بەرنامەماندایە كار بۆ ئامادە كردنی ئەندازیاری خۆمان بكەین”.
وتیشی “ئەگەر توانای بەرهەمهێنانمان زیاتر بێت پێویستمان بەخەڵكی زیاتر دەبێت”.

بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبازاڕەكانی كوردستاندا 170 ماركەی جگەرە هەن لەنزیكەی 50 وڵاتەوە هاوردە دەكرێن، بەتایبەتی لەئیمارات‌و ئەرمینیاو توركیاو روسیاوە، كە بەهاكەی زیاتر لە 1 ملیار دۆلارە ساڵانە، . بەشێكی زۆری جگەرەكان بەبراندی ئەمەریكی و كۆریای باشوور لەكوردستان دەفرۆشرێن. هاوکات ساڵانە 70 بۆ 90 هەزار تەن بەرهەمی توتن هاوردەی هەرێمی كوردستان‌و عێراق دەكرێت
شارەزایانی بواری بازرگانی جگەرەو توتن، پێداگری لەسەر گرنگی بوژانەوەی كەرتی پیشەسازی جگەرەو پوختەكردنی توتن لەهەرێمی كوردستاندا دەكەنەوە، كە پارێزگای سلێمانی لەسەدەی رابردوودا یەكێك بووە لەو ناوچانەی باشترین‌و زۆرترین بڕی توتنی تیا بەرهەمهاتووە.
تاهیر حه‌مه‌ ئه‌مین عه‌زیز، به‌ڕێوەبه‌ری پێشووی به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی توتن، بە”بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند هەرچەندە دژایەتییەكی زۆری جگەرەكێشان‌و پیشەسازی جگەرە‌و كشتوكاڵی توتن دەكرێت لەجیهانداو بەدەیان ملیۆن دۆلار بەشێوەی ریكلام لەو پێناوەدا خەرج دەكرێت، بەڵام 120 وڵات بەرهەمی توتن‌و جگەرەیان هەیە‌و وازیان لێنەهێناوە‌و بازرگانی كردن بەتوتن‌و جگەرە ساڵ بەساڵ لەزیادبووندایە، بۆیە پێویستە هوشیارانە مامەڵە لەگەڵ دژایەتی كردن یان نەكردنی بەرهەمهێنانی توتن‌و جگەرەدا بكرێت لەكوردستان، ئەو وتی “بەداخەوە حكومەتی هەرێم فەرمانگەی توتن‌و كارگەكانی جگەرەی لەسلێمانی‌و هەولێر لەكارخست، ئەگەر جگەرە ئەوەندە خراپە بۆچی رێگە دەدات رۆژانە بەهەزاران تەن جگەرەی كوالێتی خراپ بهێنرێتە هەرێم؟”.
تاهیر جەغت لەسەر گرنگی هاندانی جوتیار‌و بەكشتوكاڵ كردنی توتن‌و بەرهەمهێنانی لەو كارگانەدا دەكاتەوە كە ئێستا لەكوردستان كار دەكەن، ئەو وتی “نزیكەی 500 ساڵ دەبێت توتن لەكوردستاندا دەچێنرێت‌و ساڵی 1926 یەكەم ئامێر بۆ دروست كردنی جگەرە هاتە عێراقەوەو ساڵی 1952 یاسای ژمارە 50 دەركرا بۆ بەرهەمی توتن، كە كۆمپانیای مۆنۆپۆلی توتن وەك دامەزراوەیەك هەموو كاروبارەكانی توتن‌و جگەرەی لەخۆگرتبوو تا ساڵی 1974‌و ساڵی 1975 ئەو دامەزراوەیە هەڵوەشایەوەو كارەكانی دابەش كرا بەسەر وەزارەتی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و بازرگانی‌و داراییدا، مەبەست لەمەش زیان گەیاندن بوو بەكەرتی كشتوكاڵ لەكوردستان”. 
وتیشی “تا هەشتاكانی سەدەی رابردووش توتن یەكێك بووە لەو بەرهەمانەی عێراق هەناردەی دەرەوەی كردووە، كە 85% تا 90% لەسلێمانی بەرهەمهاتووە، لەو رۆژگارەدا 1600 گوند بەچاندنی توتنەوە خەریك بوون‌و بژێوی ژیانی 20 هەزار بۆ 25 هەزاری لەسەر بووە، لەڕووی پیشەسازیشەوە نزیكەی 3649 كرێكارو فەرمانبەر كاریان لەكارگەكانی جگەرەو پوختە كردنی توتندا كردووە، چەندان شار كارگەی پوختە كردنی توتنیان تیا بووە، جگە لەكارگەی جگەرەی سلێمانی‌و كارگەی جگەرەی هەولێر‌و دوو كارگەی دروستكردنی جگەرەش لەبەغدا، پێویستیان بە 25 هەزار تەن توتن بووە لەهەردوو جۆری شەرقی‌و ڤێرجینی، كە 18 بۆ 19 هەزار تەنی لەهەرێمی كوردستاندا بەرهەمهێنراوە، تەنها 6 تەنی لەدەرەوەی وڵات لەجۆری ڤێرجینی هێنراوە”.
به‌ڕێوەبه‌ری پێشووی به‌رێوەبه‌رایه‌تی گشتی توتن ئاماژە بەوە دەكات كە توانای بەرهەمهێنانی جگەرە لەعێراقدا تا هەشتاكانی سەدەی رابردوو ساڵانە دەگەیشتە 400 هەزار گلۆس لەرۆژێكدا‌و لەساڵێكدا 144 ملیۆن گلۆس جگەرە بەرهەم هێنراوە بەهەموو كارگەكان، ئەو وتی “وازهێنان لەچاندنی توتن‌و دروستكردنی جگەرە لەكوردستاندا زیانێكی نیشتمانی گەورەیەو پاڵپشت‌و سوودێكی گەورەشە بۆ كۆمپانیا بیانیەكان‌و بریكارەكانیان، لەبەرامبەریشدا زیانێكی گەورەشە بۆ جوتیاران‌و كرێكارانی ئەم بوارە”.
وتیشی “با دەست بكەینەوە بەچاندنی توتن‌و بەرهەمهێنانی جگەرە تا گوندەكانی كوردستان ئاوەدان بكەینەوەو هەلی كار بۆ گەنجانمان بڕەخسیچنین”.