هه‌نارده‌ی نه‌وتی (كه‌ركوك-جه‌یهان) ڕاگیرایه‌وه‌

هه‌رچه‌نده‌ دوێنێ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك به‌ره‌و به‌نده‌ری (جه‌یهان)ی توركی ده‌ستیپێكرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ جارێكیتر هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ڕاگیرایه‌وه‌.
سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌، به‌هۆی دزه‌كردنی نه‌وت له‌بۆرییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان، ئه‌مڕۆ جارێكیتر هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك به‌ره‌و به‌نده‌ره‌كه‌ ڕاگیرایه‌وه‌.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئاژانسی هه‌واڵی (ڕۆیته‌رز) ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، دزه‌كردنی نه‌وت له‌ماوه‌ی (20) ڕۆژی ڕابردوودا له‌بۆرییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی (كه‌ركوك-جه‌یهان)، هۆكاربووه‌ بۆ ڕاگرتنی نه‌وتی كه‌ركوك به‌ره‌و به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی.
لای خۆیشیه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌كۆمپانیای نه‌وتی باكور به‌NNA ڕاگه‌یاندوه‌، به‌هۆی زیادبوونی ده‌سه‌ڵاتی تیرۆرستان‌و گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌و ناوچه‌ سوننه‌نشینانه‌ی كه‌ بۆری نه‌وتی كه‌ركوك به‌ره‌و به‌نده‌ری جه‌یهانی پێدا تێده‌په‌ڕێت، ڕۆژانه‌ بۆرییه‌كان ڕووبه‌ڕووی ته‌قاندنه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌، وتیشی:”له‌و ناوچانه‌ی تیرۆرستان تێیدا باڵاده‌ستن، به‌ئاره‌زووی خۆیان بۆرییه‌كان كون ده‌كه‌ن‌و ده‌یته‌قێننه‌وه‌، ڕێگه‌ش به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناده‌ن له‌و ناوچانه‌دا بمێننه‌وه‌”.