بافڵ تاڵەبانی: خزمەتكردنی خەڵكی سلێمانی بە ئەركی خۆمان دەزانین و باشتركردنی گوزەرانیان كاری لەپێشینەمانە

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی خەڵكی سلێمانی بڵاوكردەوە.

لە پەیامەكەیدا هاوسەرۆكی یەكێتی سەرباری پیرۆزباییكردن لە خەڵكی شارەكە، ڕایگەیاندووە كە “مێژووی زێڕین و پڕ لە سەروەریی سلێمانی دەیسەلمێنێت كە هەمیشە شارەكە سەرمەشقی قارەمانێتی و كوردایەتی و نیشتمانپەری بووە. مێژووی سلێمانی لێوڕێژە لە داهێنان و نوێگەری، لە خەڵكی ڕچەشكێن و ئازا و ئازاد.”

بافڵ تاڵەبانی لە درێژەی پەیامەكەیدا دەڵێت، “‌‎ئێمە خەباتی بێوچانی خەڵكی بەئەمەكی سلێمانی لەیاد ناكەین و بەرامبەر قارەمانێتی و قوربانییەكانیان وەفادەر دەبین. خزمەتكردنیان بە ئەركی خۆمان دەزانین و باشتركردنی گوزەرانیان بە كاری لەپێشینەمان دادەنێین.”

دەقی پەیامەكە:-

لەیادی ئازادبوونی شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری هەمیشە پێشەنگ و ڕچەشكێن، شاری وەفادار و بەئەمەك، شارێك كە هەمیشە تینووی ئازادی و پڕ لە قەڵەم و دەنگی بوێربووە، پیرۆزباییەكی گەرم لە خەڵكی خۆشەویستی ئەم شارە پڕ لە وزە و داهێنانە دەكەین.

‌‎مێژووی زێڕین و پڕ لە سەروەری سلێمانی دەیسەلمێنێت كە هەمیشە شارەكە سەرمەشقی قارەمانێتی و كوردایەتی و نیشتمانپەری بووە. مێژووی سلێمانی لێوڕێژە لە داهێنان و نوێگەری، لە خەڵكی ڕچەشكێن و ئازا و ئازاد.

‌‎ئێمە خەباتی بێوچانی خەڵكی بەئەمەكی سلێمانی لەیاد ناكەین و بەرامبەر قارەمانێتی و قوربانییەكانیان وەفادەر دەبین. خزمەتكردنیان بە ئەركی خۆمان دەزانین و باشتركردنی گوزەرانیان بە كاری لەپێشینەمان دادەنێین.

‌‎ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژی وەفادارییە بەرامبەر خوێنی هەزاران شەهیدی ڕێگای ئازادی، ڕۆژی دووپاتكردنەوەی پەیمانی لەمێژینەمانە بەرامبەر ئەو خەڵكە دڵسۆزەی لەهیچ بارودۆخێكدا پشتیان لە یەكێتییەكەی مام نەكرد. ئێوەبوون لە ڕابردوودا سەرتۆپی شۆڕش و فیداكاری بوون، ئێمە دەبین لە داهاتوودا بە خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی وەڵامی ماندووبوونتان دەدەینەوە.

‌‎یادی راپەڕینە مەزنەكەی سلێمانی پیرۆزبێت و رۆحی شەهیدانی كوردستان ئارام بێت.

‌‎بافڵ تاڵەبانی

‌‎هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان