ئەمڕۆ عەلوەی سلێمانی بەڕووی كڕیارانی سەوزە و میوە كرایەوه‌

سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سەعات یەكی نیوەڕۆی ئەمڕۆ عەلوەی سلێمانی بەڕووی كڕیارانی سەوزە و میوە كرایەوە، ئەوەیش دوای كۆبوونەوەیەك و وەرگرتنی بەڵێن لەلایەن بەرپرسانی سلێمانی بۆ چارەسەری كێشەكان.

ئەمڕۆ شەممه‌ شەشی ئادار، سەروەر عەلی سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی سلێمانی ئەنجام دا، لەسەر داوای قایمقامی قەزای ناوەندیی سلێمانی، سەعات یەكی پاش نیوەڕۆ دوكانەكانی عەلوەی سلێمانی كرانەوە.

زیاتر وتی، لەگەڵ قایمقامی قەزای ناوەندیی سلێمانی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئابووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی عەربەت و ژووری بازرگانی سلێمانی كۆ بووینەوە، دوای گفتوگۆیەكی زۆر داوایان لێ كردین عەلوەی سلێمانی بكەینەوە، بەڵێنیان پێ داین ئاسایشی بارهەڵگرەكانمان پارێزراو دەبێت و خۆیان پارێزگاریمان لێ‌ بكەن.

باسی لەوەش كرد، بۆ چارەسەری كۆتایی كێشەكە، سبەی لەگەڵ شۆفێرە بارهەڵگرەكانی دەروازەی سنووریی باشماخ كۆ دەبینەوە، بەڵێنیان دا چارەسەری كێشەكەمان بكەن و ئەو كێشەیەی چەندان ساڵە بەردەوامی هەیە، كۆتایی بێ.

ماوەی چەند رۆژێكە كێشە لە نێوان بارهەڵگرەكانی مەرزی باشماخ و عەلوەی سلێمانی دروست بووە، ژمارەیەك شۆفێری مەرزی باشماخ داوا دەكەن میوە و سەوزە بگوازنەوە بۆ عەلوەی سلێمانی، كاسبكار و بازرگاكانی عەلوەش دەڵێن، ئەوان كاری خۆیان دەكەن و هیچ پێوەندییەكیان بە مەرزی باشماخەوە نییە، لە ڕۆژی هەینیشەوە عەلوەی سلێمانی داخراوە.