مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی شوبات ڕایگەیاند کە 11 ملیۆن عێراقی زەرەرمەندبوون بەهۆی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لە ساڵی 2020دا و بەرهەمی ناوخۆش بەڕێژەی %11 کەمی کردووە.
لە لێدوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکان مەزهەر محەمەد ساڵح ڕایگەیاند، “قەدەغەی هاتوچۆ لە جیهاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی زۆری بە ئابوریی جیهان گەیاندووە، لەو چوارچێوەیەشدا بووەتەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق بەڕێژەی %11 ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئاستی بژێوی خەڵک کردووە”.
باسیلەوەکردووە، “ڕێژەی هەژاری لە عێراق زیادبووە بۆ %30، هەروەها بێکاری لەناو گەنجاندا %29ی تێپەڕاندووە، هەروەها زیاتر لە 11 ملیۆن هاوڵاتیی عێراقی کەدەکاتە %25ی دانیشتوانی عێراق زەرەرمەندبوون بەهۆی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو توێژەی لەو ڕێکارانە زیانیان بەرکەوتووە ئەوانەن کە کاری ڕۆژانە دەکەن و هیچ کارێکی دیکە یان موچەیان نییە وەک سەرچاوەی داهات یان هیچ پاڵپشتییەکی ڕۆژانە.