مه رزي سه يران به ڕەسمی ناسێندراو ڕێکارەکانی بە زویی کردنەوەی خێراتر کرا

وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد و ڕێكارەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەنی دەستپێكرد. 

ئەمڕۆ 2021/2/28 لیوا چەتۆ ساڵح سەعید بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوڕێ لەگەڵ ئاغای مەهدی شوشتری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و لەیلا عەلی جێگری پارێزگاری سلێمانی و عمید كاكەبرا فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنوری پارێزگای سلێمانی و لێپرسراوانی ئیدارەی قەزای پێنجوێن، سەردانی مەرزی سەیران بەنی كرد.

سەرەتا وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەهمن مرادنیا پارێزگاری سنە و ڕۆستەم پور قایمقامی قەزای بانە و لێپرسراوانی ئیداریی مەرزەكە، بەشەكانی مەرزی سەیران بەنیان لەهەردوو دیوی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەركردەوە.
دواتر وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن و گەیشتن بەلێكتێگەیشتنێكی هاوبەش، سەردانی قەزای بانەیان كرد.

لەكۆبوونەوەیەكدا پارێزگاری سنە بەگرنگییەوە لەسەردانی وەفدەكەی هەرێمی كوردستانی ڕوانی و رایگەیاند ئەم سەردانە گرنگە بەلای ئێمەوە چونكە قسە لەسەر بابەتێك دەكەین كەسودی زۆری بۆ هەردوولا هەیە، پاشان قایمقامی بانە خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا مەهدی شوشتری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی سوپاسی لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی كرد كەتوانیویەتی بەشێكی بەرچاوی كێشەی دەروازە سنورییەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكات، وتیشی هەرچییەكمان پێ بكرێت هاوكار دەبین بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن.

لەبەرامبەردا لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند ئێمە بەنوێنەرایەتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی ئەم كۆبونەوەیەین، جەختیشی كردەوە كەوەك هەرێمی كوردستان هەرچی زووە ڕێكارەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن تەواودەكەین چونكە بە بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزەكە سەرباری كورتكردنەوەی رێگای هاتوچۆی هاوڵاتیان و دەستەبەركردنی هەلی كاری زیاتر بۆ خەڵكی سنورەكە، دەتوانین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران زیاد بكەین لەپێناوی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولادا.

لیوا چەتۆ ساڵح ئاماژەی بەوەشكرد كە لەئێستادا ساڵانە بەبەهای نزیكەی (٢٣٠) ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی كاڵاو شتومەك دەكرێت لەم مەرزەدا، بە بەنێودەوڵەتیكردنیشی، چاوەڕوان دەكرێ ئەو بڕە هەڵبكشێت بۆ نزیكەی دوو هێندە.

لەئەنجامی كۆبوونەوەكەشدا لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشە و كەموكورتیەكان و خێرا راپەڕاندنی هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن لەنێوان هه ردوولا ده ست نيشان كرا تاوه كوو له ئایندەیەکی نزیکدا ڕێکەوتنی کۆتایی واژوو بکرێت.