لەبەرامبەر ئەو کێشەو گرفتانەی بۆ گواستنەوەی بارەکانی بازرگانان دروستبووە بازرگانانی ناو عەلوەی سلێمانی لە بەیانیەوە هاوردەکردنی سەوزەو میوە ڕادەگرن.
ئاوێنە،زریان محەمەد: عەتا محەمەد، نوێنەری کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی ڕاگەیاند” ئێوارەی ئەمڕۆ هەشت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرمان لەلایەن ژمارەیەک لە شۆفێرانی مەرزی باشماخەوە هێرشکراوەتە سەریان زیان بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە گەر هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس فریایان نەکەوتنایە زیان بەر شۆفێرەکانیش دەکەوت”.
راشیگەیاند” وەک بازرگانانی ناو عەلوەی سلێمانی بڕیارماندا لە ڕۆژی دوشەممەوە هاوردەکردنی سەوزەو میوە ڕابگرین لە هەموو سنورەکانی ئێرانەوە تا ئەو کێشەی بارهەڵگرانە چارەسەر نەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆمان هەیە کە بارەکان لە ووڵاتی ئێرانەوە ڕاستەوخۆ دەهێنێت بۆ سلێمانی و تەواوی شارەکانی عێراق بۆیە پێویستمان بەوە نیە بارەکانمان لە مەرز بخەینە ناو ئۆتۆمبێلێکی دیکە گەر بارهەڵگرەکانی باشماخ هەربارێکمان بە نرخه ٢٠٠ هەزار دینار بۆ بهێنن ئامادەین بارەکانیان بدەینێ.
ڕۆژی یەکشممە شۆفێرانی بارهەڵگری هێڵی مەرزی باشماخ لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی گردبونەوەیان ئەنجامداو نیگەرانیان دەربڕی لەبەرامبەر خاوبەنەوەی کارەکانیان.