وەزیری شارەوانی: كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە


وەزیری شارەوانی هەرێم دەڵێت، كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە و تائێستا نزیكەی 10%ی كارەكانی تەواوكراون.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی شوبات وتی، كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی (ئۆتۆبانی بابان) بەردەوامە و بەگوێرەی خشتەی بەرەوپێشچوونی كارەكان، تائێستا نزیكەی 10%ی كارەكانی جێبەجێكراون و سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانیش بەردەوام چاودێریی كارەكانی ئەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەی سلێمانی دەكات.

وتیشی، “تۆپۆگرافیای ئەو شوێنەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لێ جێبەجێ دەكرێت، تۆپۆگرافیایەكی تارادەیەك سەختە و هێشتا كاركردن لێی لە قۆناغی خۆڵكاری و بڕین و پڕكردنەوە و جێبەجێكردنی كارە كۆنكرێتییەكاندایە”.

ساسان عەونی لەبارەی كاریگەرییەكانی كەشوهەوای باراناوی و بەفربارین لەسەر پرۆسەی بەڕێوەچوونی كارەكانی شەقامەكەش ئەوەی خستەڕوو، ئەو چوار مانگەی كە وەرزی زستان بوو، بەهۆی باران و بەفر و سەختی كەشوهەواوە تارادەیەك بەربەست لەبەردەم زیاتر بەرەوپێشچوونی كارەكان دروست بوو، لەگەڵ خۆشبوونی كەشوهەوادا لە وەرزی داهاتووەوە كارەكانی تەواوكردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەشێوەیەكی باشتر بەرەوپێش دەچن.