ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شیروان میرزا رایگەیاند کە بەم زووانە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێم و لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە پشکی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، دەگەن بە رێککەوتنی ھاوبەش.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، شیروان میرزا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی دوو رۆژی داھاتوو، زنجیرەیەک کۆبوونەوە بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی ٢٠٢١ ئەنجام دەدرێت و وتی: “ناکرێت لەوە زیاتر دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە دوابخرێت، لەبەر ئەوە ھەموو بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن کە رۆژی پێنجەشممە یان رۆژی شەممەی ھەفتەی داھاتوو، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، ساز بکرێت”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکراشیکردووە کە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران زۆر نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتن و وتی: “پێشبینی دەکەم، بەم زووانە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێم و لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە پشکی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، بگەن بە رێککەوتنی ھاوبەش”.