هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە (2021)دا بە بەهاى (144) ملیار دینار چەندین پڕۆژە لە سلێمانى و هەڵەبجە جێبەجێدەکرێن

پارێزگارى سلێمانى رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم داواکاریە کارگێڕى و داراییەکانى سلێمانى و هەڵەبجەى پەسەندکردوە و لەمساڵدا بە بەهاى (144) ملیار دینار پڕۆژەى خزمەتگوزارى لەسەرجەم سێکتەرەکاندا لە سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى راپەڕین و گەرمیان جێبەجێ دەکرێن.



ئەمڕۆ سێ شەممە (23/2/2021) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیرانی دارایی و ئابووری و پلاندانان بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە کۆبوونەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد، پارێزگاری سلێمانیش ئاشکرای دەکات، ئەنجومەنى وەزیران داواکاریە کارگێڕى و داراییەکانى سلێمانى و هەڵەبجەى پەسەندکردوە.



د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی راگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ حکومەت کۆبوینەوە و گرنگی و پێویستی پڕۆژەکانمان بۆ رونکردنەوە و ئەوانیش رەزامەندیاندا لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم پڕۆژەکان.



ئاشکرایکرد، ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشەی لە ماوەی رابردوو ئامادەمان کردبوو گفتوگۆی لەسەرکرا و پەسەندکرا، بەشێک لەوانە ئەو پڕۆژە (27) خاڵییە بوو کە پێشتر ئامادەمان کردبوو و بردبومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران.



پارێزگارى سلێمانى وتیشی: چەندین پڕۆژەى خزمەتگوزارى لەسەرجەم سێکتەرەکاندا لە سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى راپەڕین و گەرمیان جێبەجێ دەکرێن و پڕۆژەکان هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە لە پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و رێگاوبان و تەندروستی و پەروەردە، کە لە ساڵی (2021)دا جێبەجێ دەکرێن و بەهای سەرجەم پڕۆژەکانیش (144) ملیار دینارە.



هاوکات ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە راگەیەنراوی دوای کۆبونەوەکە باسی لەوەکردووە، ئەو سێکتەر و بوارانەی لەم راپۆرتانەدا بۆ ساڵی (2021) پەسەندکراون دەتوانن بەشی زۆری داخوازی و پێداویستییە زۆر پێویستەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بکەن.



دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەت:



ئەمڕۆ، بەسەرپەرشتیی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبونی بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێزان وەزیرانی دارایی و ئابوریی و پلاندانان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی  ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە تایبەت بە بوارە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و پڕۆژەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا بە ڕونیی و بە وردیی و دلسۆزانەو بەرپرسانە ڕاپۆرتی هاوبەشی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاو یەکەکارگێڕییەکان و داواکارییە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و سەرمایەگوزاریی و پەرەپێدانەکانی هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگاکان؛ گفتوگۆیان لەسەر کرا، بە سوپاسەوە هەموو ئەو پێشنیازو داواکارییانەی لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکاندا گەڵاڵەکرابوون؛ لەلایەن بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە بەڕێزەکانەوە؛ پەسەندکران و بوون بەبڕیار.



ئەو سێکتەرو بوارانەی لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ ساڵی ۲٠۲۱ پەسەندکراون دەتوانن بەشی زۆری داخوازیی و پێداویستییە زۆر پێویستەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بکەن.



 



بڕیى پارەى تەرخانکراو بۆ پارێزگاکان بەم شێوەیەى خوارەوەیە:



• پارێزگای سلێمانی : 

114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار  و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.

 

• پارێزگای هەڵەبجە :

30,000,000,000 سی ملیار دینار . 

 

• پارێزگای هەولێر :

000 ,128,352,000 سەدو بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار.

 

• پارێزگای دهۆک :

77,000,000,000 حەفتا و حەفت ملیار دینار . 

 

کۆی گشتی : 349,702,000,000 سێسەد و چل نۆ ملیار و حەفسەد و دوو ملیۆن دینار