ئەحمەد سەفار: هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێككەوتنی راستەقینە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت،”هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتنی راستەقینە و ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆئەوەی لەگەڵ جێبەجێکردنی، ئیدی مووچە بێ لێبڕین دابەشبکرێت”.

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند،”لە ئەگەری رێککەوتندا بەشە بودجەی مانگانە وەها دەبێت، خەرجی گشتی هەیە، جا خەرجی سیادی لێدەبڕن، ئەوەی دەمێنێتەوە خەرجی فیعلییە و 12.67% دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان، جا هەرچەند خەرجی سیادی کەم بێت و خەرجی گشتی زیاد بێت، بەشە بودجەی ئێمە زیاتر دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشداوە،”ئێمە بودجەمان زیاد نەکردووە، بەڵکو کەممان کردووەتەوە، پێشتر 164 تریلیۆن بوو ئێستا 129 تریلیۆنە، بەشی حاکیمە کە سووتەمەنی، بەشەخۆراک و دەرمان لەخۆدەگرێت ئەوە جێگیرە و بۆ هەرێمی کوردستان دێت”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو،”بەڕای من لەگەڵ هاتنی پارە و داهاتی نێوخۆیی مووچە بێ لێبڕین دەدرێت و بەشێکیش بۆ وەبەرهێنان دەمێنێتەوە”.