دامەرزراوەی GFPی جیهانی لە ڕیزبەندییەکدا ڕایگەیاند، عێراق پلەی پێنجەمی لە وڵاتانی جیهان و دوومی لە وڵاتانی عەرەبی گرتووە بەبوونی زۆرترین یەدەگی نەوت بۆ ساڵی 2021.
لە راپۆرتی دامەرزاوەکەدا کە بۆ بوونی یەدەگی نەوت لە ساڵی 2021دا بڵویکردووەتەوە ڕایگەیاند، “یەدەگی نەوتی خاوی عێراق لە ساڵی 2021دا دەگاتە 148 ملیار و 800 ملیۆن بەرمیل، بەمەش پلەی پێنجەمی وڵاتانی جیهان دەگرێت لەدوای هەریەکە لە وڵاتانی ڤەنزوێلا کە یەکەم گەورەترین وڵاتی یەدەگی نەوتە بە بڕی 302 ملیار و 300 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ، دوای ئەویش وڵاتی سعودیە لە پلەی دووەمدایە بە بوونی 266 ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ، کەنەدا پلەی سێیەمە بە 170 ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل نەوت، ئێران چوارەم وڵاتە بە بڕی 157 ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ”.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “عێراق لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبیدایە بۆ بوونی یەدەگی نەوت لە دوای وڵاتی سعودیە کە پلەی یەکەمی گرتووە، کوەیت لە پلەی سێیەمدایە و ئیماراتی عەرەبیش پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی گرتووە بۆ بوونی زۆرترین نەوتی یەدەگ”.
ئاشکرایکردووە کە ئەسیوپیا کەمترین بڕی یەدەگی نەوتی هەیە لە جیهاندا و بڕەکەی دەگاتە 428 هەزار بەرمیل نەوت، هەروەها پێش ئەو وڵاتی مەغریبە 684 هەزار بەرمیل نەوتی یەدەگ، پێش ئەوانیش ئەردەن دێت بە بوونی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ لە کۆی 92 وڵاتی جیهان کە خاوەنی نەوتی یەدەگن لە جیهاندا.