هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئاشكرایكرد، بۆ یەكەمجار لە 30 ساڵی رابردودا، لە ژمارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا، سلێمانی بۆتە یەكەم و بەقسەی ئەو لە ماوەی یەک ساڵی رابردودا بڕی یەك ملیارو و 47 ملیۆن دۆلار لەڕێی 34 پڕۆژەوە لەسنوری پارێزگاکەدا خراوەتەگەڕ.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی”سلێمانی؛ بۆ یەکەمجار لە ژمارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا؛ دەبێتە یەکەم.”
ئەوەشی خستۆتەڕو”لەنێوان ساڵی ۲٠۲٠و سەرەتای ۲٠۲۱دا، بەهەوڵی مکوڕانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کورستان و پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرێتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان و کشتوکاڵ و شارەوانییەکانی سلێمانی و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی تر لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و بەدەستپێشخەریی و بەشداریی کەرتی تایبەتی نیشتمانیی و وەبەرهێن و سەرمایەگوزارە نیشتمانییەکان؛ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا بڕی ملیارێک و چل و حەوت ملیۆن دۆلار لەڕێی سی و چوار پڕۆژەوە لەسنوری پارێزگاکەدا خراوەتە گەڕ.”
وتوشیەتی”بەم بڕە بۆ یەکەمجارە لە 30 ساڵی ڕابردودا دەگاتە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.”