بافڵ تاڵەبانی: لەمەودوا ڕێگەنادەین بازاڕ و کاروکاسبی خاوەنکاران قۆرخ بکرێت

لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ بووژاندنەوەی بازاڕ، ئاوەدانی زیاتر، بونیادنانی ژێرخانێکی ئابووری پتەوتر و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ کاری بازرگانی و کاروکاسبی ھاووڵاتیان، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ژمارەیەک سەرمایەدار، بازرگان و خاوەنکاری سلێمانی و لە دیدارێکدا لەبارەی کەرتی بازرگانی، وەبەرھێنان، گەشەپێدانی جوڵە بازرگانییەکان و لابردنی ئاستەنگەکانی پێشخستنی زیاتری ژێرخانی ئابووری ھەرێم بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی، بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و ھەموو ئەو رێوشوێنانەش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا کە دەبێتە هۆی زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان.

بافڵ تاڵەبانی، ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردەوە و جەختیکردەوە کە ھەر ھەنگاوێکی بازرگانی لەخزمەتی ئاوەدانی و پێشخستنی وەبەرھێنان و رەخساندنی ئارامی، ھەلی کار و بونیادنانی پرۆژەی بازرگانی گشتی بێت پشتیوانی لێدەکات و ھەموو ئەو ئاستەنگانەشی بوونەتە بەربەست لەبەردەمیان ناھێڵرێن و ژینگەی بازاڕی ئازاد وەک داینەمۆی پێشخستنی کار و پرۆژە ئابووری و بازرگانییەکان فەراھەم دەکەن.

ھاوسەرۆک روونیشیکردەوە بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی بازرگانی دەبێت لە بەرژەوەندی گشتی و ئاوەدانی بێت و راشیگەیاند چیتر رێگەنادەن بە ھەر پاساوێکەوە بازاڕ و کاروکاسبی سەرمایەدار، خاوەنکار، بازرگانان، دوکانداران قۆرخ بکرێت و دەستبخرێتە قوتی خەڵک و ھەموو ھەنگاوێکیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەسانی مشەخۆر دەگرینەبەر.

شایەنی باسە  ئەم دیدارە دوای ئەوە ھات کە ڕۆژی دووشەمە   شاندێکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ھەڵەبجە و بەڵێندەران لقی سلێمانی بە سەرۆکایەتی سیروان محەمەد سەردانی  بەفڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان کرد و لەبارەی ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازی  کۆبونەوە.