داوا دەكرێت لەبری بەشە خۆراك پارە بە هاوڵاتییان بدرێت

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرایكردووە، لیژنەی ئابوریی پەرلەمانی عێراق داوایان كردووە لەبری بەشە خۆراك پارە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بكرێت، “بۆ ڕێگری لە گەندەڵی”.

نەدا شاكر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی شوبات ئاشكرایكردووە، لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق پێشنیازی كردووە لەبری بەشە خۆراك پارە بەسەر هاوڵاتییانی عێراقدا دابەش بكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشكراكردووە، مەبەست لەو داوایەیان “قەرەبووكردنەوەیەكی باشی هاوڵاتییان و ڕێگریكردنە لە گەندەڵی”.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان، لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا لە ئێستادا ئەو پرسە تاووتوێ دەكرێت بۆ ئەوەی جێی بكرێتەوە.

سەبارەت بە گرنگیی ئەو پێشنیازەیان ئاماژەی بەوەشكردووە، “گرنگی ئەم پێشنیازە ئەوەیە ڕێگری لەو گەندەڵییە گەورە بكەین كە لە كۆبۆنی خۆراكی هاوڵاتییاندا دەكرێت، كە دۆسییەیەكی گەندەڵیی گەورە و مەترسیدارە”.

پێشتر لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان، عەلا جبوری، وەزیری بازرگانیی عێراق ئاشكرایكرد، “لەبری بەشە خۆراكی مانگەكانی سەرەتای ئەمساڵ پارە بە هاوڵاتییان دەدرێت، بۆ ئەوەی كات لە بەردەستی وەزارەتمان بێت بۆ گرێبەستكردن بۆ دابینكردنی بەشە خۆراكی هاوڵاتییان بەشێوەیەكی خێرا”.