بەمەبەستی چۆنیەتی کارکردن و ئەو کێشە گرفتانەی ڕوبەڕوی کارگەکان دەبێتەوە سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق و سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی و ژمارەیەک لە سەرۆکانی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق سەردانی کارگەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی ڕەق لەسلێمانی دەکەن.
عبدالرزاق الزهیری، سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق و سیروان محمد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ژمارەیەک لە سەرۆکانی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق سەردانی یەکێک لە کارگە گەورەکانی شاری سلێمانیان کرد لەسەر ئاستی عێراق.
بەڕێوەبەری کارگەکەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی ڕەق لەسلێمانی بە شاندەکەی ڕاگەیاند: ڕۆژانە ١٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاک وەردەگرێت ئامێرەکانی لە پێکهاتەی وڵاتانی ئیسپانی و ئەڵمانین بەڵام بەدەستی کادری ناوخۆی دروستکراوە.
ئاماژەی بەوەشدا لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەراستدا یەکەم کارگەیە لەڕوی توانای بەرهەم هێنان، ٪٨٥ خۆڵ و خاشاک دەکاتەوە ماددەی دووبارە بەکاهێنانەوە.
جەختیکردەوە بەرهەمەکانی کارگەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی ڕەق لەسلێمانی بۆ سوتەمەنی بەکار دێتەوە و بۆ پەین لەبوارێکی دیاریکراوی کشتوکاڵیدا بەکار دێت.
ئەوەشی ڕونکردەوە لەم کارگەیەدا پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیا بەکاردێت ئەویش بەکارهێنانی گیان لەبەرە وردیلەکانە بۆ کەمکردنەوەی شێ و لەناوبردنی بەکتریا و میکرۆب و ڤایرۆسی زیان بەخش.
عبدالرزاق الزهیری، سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەبونی کارگەیەک بۆ پاکردنەوەی خاشاک کە دەرفەتێکی باش دەدات بەشاری سلێمانی بۆ پاراستنی ژینگە و کەشوهەوای شارەکە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەستخۆشی لەخاوەنی کارگەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی ڕەق لەسلێمانی کرد کە خزمەتێکی گەورە باشارەکە دەکات بۆ پاراستنی ژینگە و کۆکردنەوەی خاشاک و دوبارە بەکار هێنانەوەی.
کارگەی ڕیسایکلینی شاری سلێمانی بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی پارێزگای سلێمانی دادەنرێت كە زەوییەكەی لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دابینکراوە، کارکردنی کارگەکە گرفتی پاشماوە و خۆڵ و خاشاک و بۆنی ناخۆش و ڕێگرتن لە تێکەڵبوونی پاشەڕۆ بە چەمەی تانجەڕۆ چارەسەر دەکات، سەرباری ئەوەش ژینگەیەکی تەندروست و پاک بۆ دانیشتووانی شاری سلێمانی دروست دەكات.