ئێران بڕی گازی سروشتیی هەناردەكراو بۆ عێراق زیاد دەكات

وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرایكرد، ئێران هەستاوە بە زیادكردنی ئەو بڕە گازە سروشتییەی بە عێراقی دەدات، بەو هۆیەشەوە پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكات.

ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 9ی شوبات ڕایگەیاندووە، “ئێران هەستاوە بە زیادكردنی بڕی ئەو گازە سروشتییەی بە عێراقی دەدات بۆ 13 ملیۆن پێی چوارگۆشەی ڕۆژانە، لەكاتێكدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 7 ملیۆن پێی چوارگۆشە بووە”.

وتەبێژەكەی كارەبای عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، “وەزارەتی كارەبا هەستاوە بە ناردنی ئەو گازە سروشتییەی ئێران زیادی كردووە بۆ وێستگەكانی شارەكانی ناوەڕاستی عێراق”.

ئەو بەرپرسەی كارەبا ئەوەشی ئاشكراكردووە، “بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا كراوە، پێویستە لەسەر ئەو وڵاتە ڕۆژانە 50 ملیۆن پێی چوارگۆشە گاز بە عێراق بدات، بەڵام كێشە هونەرییەكان و قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر عێراق وای كرد ئەو ڕێژەیە لە ڕابردوودا كەمبكرێتەوە بۆ 7 ملیۆن”.

بڕیارە بە زیادكردنی ڕێژەی گازی سروشتی، ڕێژەی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە عێراق زیاد بكات، وەك وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاندووە.