بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاشكرای دەكات، چیمەنتۆ و شیشی كوردستان بەشی عێراقیش دەكات و دەكرێت شیش و چیمەنتۆی كوردستانیش بۆ توركیا و ئێران بڕوات.
عەلی عوسمان، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری پیشەسازی بە راگەیاند: “هەوڵ دەدرێت كارگەكان بەگەڕبخرێنەوە و پشتیوانی بكرێن، نەك بەرهەمیان تەنها بۆ ناوخۆ بێت بەڵكوو بۆ بازاڕەكانی عێراق و دەورووبەریش بێت، بۆ نموونە یەكێك لەو شانازیانەی دەیكەین ئەوەیە چیمەنتۆ و شیشی كوردستان بەشی ناوچەكانی عێراقیش دەكات، ئەگەر پشتیوانییەكە فراوان بكرێت دەكرێت شیش و چیمەنتۆی كوردستان بۆ توركیا و ئێرانیش بڕوات”.
كۆی بەرھەمھێنانی چیمەنتۆ لە عێراق ساڵانە دەگاتە 24 ملیۆن و 500 ھەزار تەن و لە %65 كۆی بەرھەمھێنانیش لە ههرێمی كوردستانە، ھەروەھا ئاستی بەرھەمھێنانی شیش گەیشتووەتە 900 ھەزار تۆن ساڵانە، لەكاتێكدا بازاڕەكانی عێراق پێویستیان بە 2.5 ملیۆن تۆن شیش ھەیە.
لای خۆیەوە محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند: “107 كارگەی گەورەی پیشەسازیی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمەكانیان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەڕوات و بازاڕەكانی عێراق لە بەرهەمەكایان سوودمەند دەبن”.
عوسمان عەلی، ئەوەی روونكردەوە لە كابینەی نۆیەم و ئەنجوومەنی وەزیران بیركردنەوەیەكی باش هەیە بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی پیشەسازی بندرێت، گوتیشی: “ئەوەی لە كارنامەی كابینەی نۆیەم هەیە بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی پیشەسازی شتێكی گرنگە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت ئاستەنگەكانی بەردەم كەرتی پیشەسازی لابدرێت، ئەو ئاستەنگانە تەنها بە وەزارەتی پیشەسازی ناكرێت، بەڵكوو دەبێت هەموو حكوومەت بەشدار بێت، ئەنجومەنی وەزیران بەرنامەی هەیە گرنگی بە پیشەسازی بدات ئەوەش بەهەماهەنگی هەموولایەك دەكرێت بۆ ئەوەی بگەین بەو ئەنجامەی كە داواكراوە، ئەوەی هەیە لە نێو ئەنجومەنی وەزیران تێگەیشتنێكی باش هەیە بۆ ئەوەی كەرتی پیشەسازی پێشبخرێ”.
باسی لەوەشكرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەیە كە لە داهاتوودا هەر تەنیا پشت بە نەوت نەبەسترێت، بەڵكو گرنگی و پەرە بە سێكتەرەكانی دیكە بدرێت، لەوانە كەرتی پیشەسازی.