وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ساڵی (2020)دا (174) کارگەی نوێ دامەزراوە، دەشڵێت”کاردەکەین بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی.”
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم بە میدیای رەسمی گۆڕانی راگەیاند، لە ساڵی (2020) (174) کارگەو (یەك هەزارو 222) کۆمپانیای نوێ دامەزراوە.
وتیشی، ساڵی (2020) هەشت هەزار و (757) مۆڵەتی هاوردەکردن و (176) مۆڵەتی هەناردەکردنی کەلوپەل و کاڵا دراوە، ئەو بابەتانەشی هاوردەکرێن زیاتر کەلوپەلی بیانسازی، خواردن، ئاژەڵ و کاڵان.
سەبارەت بە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، وەزیری بازرگانی هەرێم رایگەیاند، ئەو بەرزبونەوەیە زیانێکی زۆری بە هاوڵاتیان گەیاندوە، چونکە بەشێکی زۆری بابەتەکان کە لە ناوبازاڕدان هاوردە دەکرێن و بە دۆلار دەکڕدرێت، بەڵام رۆژانە لە رێگەی تیمەکانی چاودێری بازرگانییەوە رێگری لە بەرزبونەوەی نرخ و گرانبونی بازاڕ دەکرێت.
لەبارەی پارەی گەنمی جوتیاران ئاماژەی بەوەکرد، شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی (2020) (200) ملیار دینار بوە، تا ئێستا حکومەتی عێراق (75) ملیار دیناری ناردوە و بەسەر جوتیاراندا دابەشکراوە، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ناردنی پارەکە بەردەوامی هەبێت.
پەیوەست بە کاری وەزارەتەکەیان بۆ ساڵی (2021) کەمال موسلیم رایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو کارگانەی داخراون و شیاوی کردنەوەن جارێکی دیکە بخرێنەوە کار، هاوکات کار لەسەر بەرزکردنەوەی رێژەی هەناردەکردن دەکەن، بۆئەوەی بەروبوم و کاڵای ناوخۆ زیاد بکرێت.