بەهۆی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، کەرتیی گەشتیاریی لە جیهاندا لە ساڵی 2020 تریلیۆنێک و 300 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، “خراپترین ساڵ بووە بۆ گەشتیاری لە مێژوودا”.
کەرتی گەشتیاری لە جیهان لە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی 2019، بەپێی ئاماری رێکخراوی گەشتیاریی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، 74% کەمی کردووە.
خراپترین ساڵ لە مێژووی گەشتیاریدا
ئەو رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بنکەکەی لە مەدریدە دەڵێت، 2020 “خراپترین ساڵ بووە لە مێژووی گەشتیاریدا”.
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی رابردوو بەراورد بە 2019 شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان پێشوازییان لە یەک ملیار کەمتر گەشتیار کردووە. ئەوەش 4% کەمترە بە بەراورد بە قەیرانی ئابووری لە ساڵی 2009. قەبارەی زیانەکانیش کە 1.3 تریلیۆن دۆلارە، 11 جار لە قەبارەی زیانەکانی قەیرانی ئابووری ساڵی 2009 زیاترە.
بەهۆی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان کە تاوەکو ئێستا، بەپێی ئامارەکانی وۆڵد مێتەر، زیاتر لە 101 ملیۆن و 550 هەزار کەس تووشبوون، دوو ملیۆن و 187 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و 73 ملیۆن و 455 هەزار و 367 کەسیش چاکبوونەتەوە، لەنێوان 100 بۆ 120 ملیۆن هەلی کاری گەشتیاری مەترسییان لەسەرە و شوێنەکانیش مەترسیی داخستنیان لەسەرە.
زیانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 ملیار دۆلار بوو
بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان و بڵاوبوونەوەی سێ جۆری کۆرۆنای گۆڕاو کە بەهێزترینیان لە بەریتانیانە و بە نزیکەی 60 وڵاتی دیکەدا بڵاوبووەتەوە، بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا دووبارە قەدەخەی هاتووچۆیان راگەیاندووە.
هەرێمی کوردستانیش لە زیانەکانی کەرتی گەشتیاری بەهۆی کۆرۆنا بێبەش نەبووە، نادر رووستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تاوەکو مانگی ئاب، زیانی کەرتی گەشتیاری نزیکەی نیو ملیار دۆلاربوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە 21-08-2020 جموجۆڵی گەشتیاری بۆ هەرێمی کوردستان بووژایەوە زیانەکان کەمتربوونەوە. لەدوای مانگی هەشتەوە هیچ داتایەکی وامان نییە کە زیانەکانی کەرتی گەشتوگوزاری بزانین.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەش، دکتۆر عەلی خەیری ئۆسۆ، بەڕێوەبەری گشتیى گەشتوگوزاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و قەدەخەکردنی هاتووچۆ، گەشتوگوزار لە هەموو جیهان و کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای دهۆک زیانێکی زۆری بەرکەوت، ئەمە سەرەڕای ئەو زیانەی بەر ئەو کەرتە کەوتووە، 10 هەزار کەسیش کە لەو کەرتە کار دەکەن ئەوانیش زیانمەندبوون و کاریگەریی لەسەر خێزانەکانیشیان هەبووە.
یەکەمجار لە 14ـی ئاداری 2020 قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا، دوای کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانیش تا رادەیەک رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ دوای نزیکەی دوو مانگ ئاسایی کرانەوە. لە بۆنەی سەری ساڵی نوێش، وەزارەتی ناوخۆ بە بڕیارێک رێگری لە ئاهەنگگێڕان کرد، لە دهۆک 29 شوێنی گەشتیاری کاریان کردبوو کە ئاهەنگەکانی سەری ساڵی 2021 بگێڕن، بەڵام دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ قەدەخەی ئاهەنگەکان، خاوەنی ئەو شوێنانە رایانگەیاند، زیانیان پێگەیشتووە.
بەپێی ئامارەکانی گەشتوگوزاری دهۆک، ساڵی 2020 نزیکەی 120 هەزار گەشتیار چوونەتە پارێزگای دهۆک، بەڵام ساڵی 2019 زیاتر لە 500 هەزار گەشتیار سەردانیان کردبوو. واتە 76٪ گەشتیار کەمبووەتەوە.
“تاوەکو 2023 چاوەڕوان ناکرێت دۆخەکە باش ببێت”
زوراب پۆلۆلیکاشڤیلی، سکرتێری گشتیی رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، “ئاگادارین کە ئەو قەیرانە، زۆری ماوە بۆ ئەوەی کۆتایی پێبێت”.
لە ساڵی 2019 ژمارەی گەشتیارانی جیهان 1.5 ملیار زیادیکردبوو، زۆرترین گەشتیاریش سەردانی فەرەنسایان کردبوو، دواتریش ئیسپانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی پێی وایە، تاوەکو 2023 ژمارەی گەشتیاران و دۆخی گەشتیاری ناگەڕێتەوە پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.