ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق دووپاتکردەوە و داوای لە حکومەتیش کرد، بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ ئەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتیان جێبەجێ بکات و ئەوانیش هاوکاریان دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئابوری.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2021) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و هاوتا عێراقییەکەی، فواد حسێن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بلینکن داوای کردووە، حکومەتی عێراق بەردەوامبێت لە هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی دەوڵەرێکی دادپەروەرانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق کە ئەمساڵ پێشنیارکراوە دوپاتکردەوە.
ئەوەش هاتووە، هەردوولا باسیان لە گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کردووە و جەختیان لە پابەندبوون بەو خاڵانەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی لەسەری ڕێککەوتن.
هاوکات، ئەنتۆنی بلینکن، لە تویتەری فەرمیی خۆی ئاماژەی بەوەکردووە، ” کار دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی بەهۆی کۆرۆناوە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.”
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیشیکردووەتەوە، هاوکاری عێراق دەکەن لە چاکسازیی ڕیشەیی ئابووریی و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەمریکا.