وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیایەكی فەڕەنسی لێكتێگەیشتنێكیان واژووكردووە، بۆ گەشەدان بە كەرتی نەوت و وزە لە عێراق.
ئیسحان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی كانونی دووەم ئاشكرایكردووە، سوورن لەسەر هەماهەنگی كردن لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ گەشەدان بە كەرتی نەوت و وزە لە عێراق.
ئەو وتانەی وەزیری نەوتی عێراق لە میانی واژووكردنی لێكتێگەیشتنێك بوو لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسیدا، ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو لێكتێگەیشتنە دەرئەنجامی كۆمەڵێك وتووێژ و گفتوگۆیە كە پێش شەش مانگ بەڕێوەچوون، بە ئامانجی گەیشتن بە هەماهەنگییەكی تەواو”.
ئیحسان عەبدولجەبار ئاشكراشیكردووە، “دەمانەوێت پلانێكی وەزارەت بەدیبهێنین، بۆ گەشەدان بە كەرتی نەوت و وزە، بەتایبەت پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە گازی سروشتی و وزەی خاوێن جێبەجێ بكەن”.
لای خۆشیەوە پاتریك پویانێ، بەڕێوبەری جێبەجێكاری كۆمپانیا فەڕەنسییەكە ڕایگەیاندووە، هیواخوازە لە ماوەكانی داهاتوودا كۆمەڵێك گرێبەست بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و وزە لەگەڵ عێراق واژوو بكات.