وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 23ی کانونی دووەم ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ساڵی 2020دا زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوت لە عێراق هەناردەکراوە و چین، هیند گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق بوون.
لە ئامارێکدا کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، کۆی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2020دا لەلایەن عێراقەوە یەک ملیار و 96 ملیۆن و 345 هەزار بەرمیل نەوت بووە، بە تێکڕای هەناردەکردنی مانگانەی 91 ملیۆن و 362 هەزار بەرمیل هەروەها بە تێکڕای دوو ملیۆن 362 هەزار لە ڕۆژێکدا.
ڕاشیگەیاندووە، داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە ساڵی 2020دا 41 ملیار و 755 ملیۆن دۆلار بووە، بەتێکڕای سێ ملیار و 479 ملیۆن دۆلار بووە، بەوپێیەی تێکڕای مانگانەی نرخی نەوت 38 دۆلار و 89 سەنت بووە.
سۆمۆ ئاماژەی بەوەکردووە، تێکڕای هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کە لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە هەناردەکراون یەک ملیار و 60ملیۆن و 454 هەزار بەرمیل نەوت بووە، بەداهاتی 40 ملیار و 488 ملیۆن دۆلار.
ڕاشیگەیاند، تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە، 33ملیۆن و هەشت هەزار بەرمیل بووە، بەداهاتی 12 ملیۆن و 765 هەزار دۆلار.
کۆمپانیای سۆمۆ باسیلەوە کردووە، کۆمپانیا نەوتییەکانی چین و هیند گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق بوون و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەدوای ئەوان دێن.