لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 23ی کانونی دووەم ڕایگەیاند کە لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 ڕۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق دەدرێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق، ناجی سەعیدی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “خەرجییە سیادییەکان لە پرۆژەیاسای 2021ی عێراقدا زۆر بەرزە کاردەکەین تاوەکو خەرجییەکان لە 163 تریلیۆن دینارەوە کەمبکەینەوە بۆ 130 تریلیۆن دینار، هەروەها داهاتەکان بە بڕی 120 تریلیۆن دینار بەرزبکەینەوە لە داهەتە نەوتییەکان و نانەوتییەکان، وەکو دەروازە سنورییەکان، باج و گومرگەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەیانەوێت ئەو زیادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی چینی هەژار و خانەنشینان بەکاربهێنرێتەوە.
داواش لە هەرێمی کوردستان دەکات پابەندبێت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتن و ڕادەستکردنی نەوت بە حکومەتی عێراق، دەشڵێت، “کەمکردنەوەی خەرجییە داراییە ستراتیجییەکان و مانەوەی بودجە بەم کورتهێنانەوە بە مانای داڕمانی بارودۆخی ئابوریی دێت”.
جەختی لەوە کردووەتەوە، “کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران ڕێگایەکی دروست نییە و پەرلەمای عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نییە” و وتی، فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە لە بودجەدا لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بوونی نییە بە جیاوازی موچەی سەرۆکایەتییەکان و پلە باڵاکان کە بەڕێژەی %40 دانراوە.
سەعیدی پێشبینی ئەوە دەکات لە ماوەی 10 ڕۆژی دیکەدا پرۆژەیاسای بودجەی 2021 بەتەواوی جێگیر بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.