بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١وە بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرز بووەوە و ئەو بەرزبوونەوەیەش نزیکەی سێ هەفتە بەردەوام بوو، بەڵام شارەزایانی بواری ئابووری جارێکی دیکە لە داڕووخانی بەهاری لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار هۆشداری دەدەن.

لیرەی توركی لە هەفتەی کۆتایی ساڵی٢٠٢٠ و دوو هەفتەی یەكەمی ساڵی ٢٠٢١ توانی بە رێژەیەكی بەرچاو بەرامبەر بە دۆلار بەرز ببێتەوە و ١٠٠ دۆلار بۆ ٧١٥ لیرە دابەزی.

بەڵام ماوەی ٣ رۆژە جارێکی دیکە لیرەی توركی بەهای خۆی لەدەست داوە و ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە ٧٤١ لیرەی توركی.

ئاژانسی (سپوتنیك)ی رووسی لەمبارەوە بڵاوی كردووەتەوە، بۆرسەی توركیا چاوەڕوانی بڕیاری بانكی ناوەندییە لەبارەی رێژەی سوو، هەروەها ئەگەر رێژەی بێكاری لە ئەمریكا كەم بێتەوە و دۆلار بەهای بەرز ببێتەوە، ئەوكات بەهای لیرەی توركی دادەبەزێت.

لە لایەكی ترەوە چەند شارەزایەكی بواری ئابووری لە توركیا هۆشداری دەدەن، بەوەی لیرەی توركی لەبەردەم دابەزینێكی گەورە دایە، چونكە رێژەی بێكاری زۆر بەرزە، هەروەها وەبەرهێنەرەكان پارەكانیان لە بانكەكان كشاندووەتەوە.