یونایتد ئێرڵاین، کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی هێڵی ئاسمانیی ئەمریکا، بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە، ساڵی رابردوو ٧،١ ملیار دۆلار زیانی کردووە.
یونایتد ئێرڵاین ئاماری چارەکی چوارەمی ٢٠٢٠ی بڵاوکردەوە.
بە پێی ئامارەکە، کۆمپانیاکە لە چارەکی کۆتایی پار ساڵدا ١،٩ ملیار دۆلار زەرەری کردووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە لە چارەکی چوارەمی ٢٠١٩دا ٦٤١ ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە.
بە گشتیی لە ٢٠٢٠دا زیانەکانی یونایتد ئێرڵاین بە ٧،١ ملیار دۆلار هەژمارکراوە. لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیایە لە ٢٠١٩دا سێ ملیار دۆلار قازانجی هەبووە.
داهاتی کاری چارەکی کۆتایی پار ساڵی کۆمپانیاکە بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی پێشتر سەدا ٦٨،٧ کەمیکردووە و، دابەزیوە بۆ ٣،٤ ملیار دۆلار. یونایتد ئێرڵاین لە هەمان قۆناغی ٢٠١٩دا ١٠،٩ ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.
داهاتی ئەو کۆمپانیایەی بواری هێڵی ئاسمانی، بە گشتیی لە ٢٠٢٠دا بە بەراورد بە ساڵی پێشتر سەدا ٦٤،٥ کەمیکردووە و، دابەزیوە بۆ ١٥،٤ ملیار دۆلار.
داهاتی یونایتد ئێرڵاین لە ٢٠١٩دا بە ٤٣،٣ ملیار دۆلار ئەژمار کراوە.
زەرەری کۆمپانیاکە بۆ هەر پشکێک لە چارەکی کۆتایی پار ساڵدا ٦،٣٩ دۆلار بووە. لە کاتێکدا قازانجی هەر پشکێک لە هەمان قۆناغی ٢٠١٩دا ٢،٥٣ دۆلار بووە.
هۆکاری ئەو زیانەی یونایتد ئێرڵاین لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەریکەوت بەهۆی کاریگەری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و ئەو سنووردارکردنانەی گەشتەوە بوو کە دژ بە پەتاکە گیرایەبەر.