وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم لەبارەى ئەنفلۆنزاى باڵندەوە ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌



وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد کە لە هیچ ناوچەیەکى هەرێم ئەنفلۆنزاى باڵندە تۆمار نەکراوە.  



لیژنەی بەرەنگاربونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە وەزارەتی کشتوکاڵ (21ى کانوونى دووەمى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، گفتوگۆ و بەدواداچون بۆ کێشەکانی بواری ڤێتەرنەری لەهەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە کراوە و جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی لەهیچ ناوچەو شارێکی هەرێمی کوردستان تائێستا هیچ حاڵەتێک لەو نەخۆشیە تۆمارنەکراوە.  



بەگوێرەى راگەیەندراوەکە لیژنەکە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوەی هەندێک لەڕاگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە دەربارەی مرداربونەوەی ژمارەیەک مریشک لە پارێزگاکان هۆکارەکەی تەنها پەتا وەرزیەکانە و ساڵانە لەم وەرزەدا ڕودەدەن بە هۆکاری جیاواز، بەڵام لەبەرئەوەی هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە لە شاری سامەڕا، زیاتر سەرنجی هاوڵاتیان و راگەیاندنەکانی ڕاکێشاوە.  



داواش لە سەرجەم بەڕێوەبەری پارێزگاکان کراوە بە وردی بەدواداچون لەسەر ڕەوشی کێڵگە پەلەوەریەکان بکەن و ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای ئەنفلۆنزای باڵندە جێ بەجێ بکەن.