پەرلەمانی عێراق كۆتایی بە دانیشتنی ئەمڕۆی هێنا، كە تایبەت بوو بە تاووتوێكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، هەروەها تیاییدا باس لە “قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هەرێم” كراوە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا، پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردووە، لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەممە 16ی كانونی دووەمی پەرلەمانی عێراقدا پرسەكانی پەیوەست بە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 تاووتوێكران.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە دانیشتنەكەدا گفتوگۆ كرا لەسەر “دابەشكردنی داهاتەكان بەسەر پارێزگاكانی عێراق بە دادپەروەرانە بە لەبەرچاوگرتنی شایستەكانی پترۆدۆلار و سوودەكانی خاڵە سنوورییەكان، هەروەها شایستەكانی حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەگریی عێراق”.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆیەوە ئاماژە بەوەكراوە، “داوا لە حكومەتی عێراق كراوە، هۆكاری پشتگوێخستنی چۆنیەتی دانەوەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە فرۆشی نەوت بخاتەڕوو”.
هەروەها ئەوەش ئاشكرا كراوە، “لیژنەی دارایی باسی لەوەكردووە، 162 داواكاریی پەرلەمانتارانی پێشكەش كراوە پەیوەست بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021، بەشێكیان تایبەتن بە دیاریكردنی بەهای دۆلار و نەوت لە پرۆژەكەدا”.
لە بەشێكی دانیشتنەكەدا بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتیی دانیشتنەكەی كردووە و داوای كردووە، “هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ تێپەڕاندنی بودجەكە كە خزمەت بە هاوڵاتییان بكات و بەرژەوەندیی تەواوی پارێزگاكانی تێدا بێت بەبێ جیاكاری”.
بەشیر حەداد ئەوەشی وتووە، “پێویستە هەماهەنگی و هاوكاری هەبێت لەپێناو چارەسەری كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و ناوەند”.