حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی تایبەت بە باج و رسوومات، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی راسپاردووە تا بنەماكانی پابەندكردنی كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن بە پێدانی باج دیاری بكات. بەڕێوەبەری گشتی گەیاندن دەڵێ، بۆ فەرمانەكە ئامادەكاری دەكەن و راپۆرتی خۆیان پێشكەش دەكەن.
بەگوێرەی بڕیاری یەكەمی فەرمانەكە، هەریەك لە وەزارەتەكانی گواستنەوە و گەیاندن و دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەكان و خانووی میری، راسپێراون تا كۆمپانیاكانی بواری ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان پابەند بكەن بە پێدانی باجی فرۆش بە رێژەی 20% هاوشێوەی كۆمپانیاكانی تر كە لە عێراق كار دەكەن.
هەروەها لە هەمان بڕگەی بڕیارەكە داوای دیاریكردنی بنەماكانی پابەندكردنی كۆمپانیا بەشدارەكانی بواری گەیاندن، كۆڕەك تیلیكۆم، ئاسیاسێڵ و زین بە پێدانی باجی فرۆش لە بەرانبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانیان لە هەرێمی كوردستان كراوە.
كاروان رەزا بەڕێوەبەری گشتی گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد، ئاگاداری فەرمانەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و خۆیان بەداوداچوون بۆ داواكارییەكان دەكەن، راپۆرتی خۆیان ئاراستەی حكوومەت دەكەنەوە بە پێی ئەو ماوەیەی لە فەرمانەكەدا دیاری كراوە.
پێویستە بوترێ فەرمانەكە كۆمەڵێك وەزارەتی تر دەگرێتەوە تا رێكاری پێویست بۆ وەرگرتنی باج بۆ كۆمەڵێك بواری تر بگرنەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش دوو مانگ مۆڵەت دەستنیشان كراوە.
بەڕێوەبەری گشتی گەیاندن روونی كردەوە، پرسی باج و ئەو ئەركە داراییەی كە لەسەر كۆمپانیاكانی بواری گەیاندنە، بەشێكیان لە بەغدا ئەركەكەیان جێبەجێ دەكەن و بەشێكی تریش لە هەرێمی كوردستان دەیدەن، بەڵام دیسان ئەمە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ئەم كۆمپانیایانە هەیە بۆ ئەوەی بەگوێرەی شوێنی كاركردن و تایبەتمەندییەكانیان لە یەكتر جیا بكرێنەوە.
ئەو ئاماژەی دا ژمارەی كۆمپانیاكانی پێوەندیدار لە هەرێمی كوردستان زۆرن، بەشێكیان لە چوارچێوەی پارێزگاكان و بەشێكی تریش لە سنوورێكی بەرتەسككتر یان بەرفراوانتردا كار دەكەن و خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش دەكەن.
لەبارەی وردەكارییەكانی وەرگرتنی بڕی باج، كاروان رەزا ئاماژەی دا، ئێستە لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان و هەر كاتێك ئەركەكانیان لەمبارەیەوە تەواو بوو، ئەوا ئاشكرای دەكەن.
بڕیاری حكوومەت بۆ وەرگرتنی باج و رسوومات تەنیا تایبەت نییە بە كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن، بەڵكو كۆمەڵێك بواری تریش دەگرنەوە.
سەپاندنی باج بەسەر كرێكارە بیانییەكانی بواری نەوت و گاز، كۆمپانیاكانی بواری سكیوریتی نەوت، پێداچوونەوە بە وەرگرتنی ئەو رسووماتانەی كە لە لایەن دەستە و كۆمەڵەكان وەردەگیرێن، سەپاندنی باجی فرۆشراو بەسەر میوانخانە و چێشتخانەی چوار ئەستێرە بەسەرەوە، وەرگرتنی باجی شایستە لە بواری رێكلام لە كەرتی گشتی و تایبەت بەشێكی ترن لەو بڕیارانەی حكوومەت دەریكردوون و داوای لە وەزارەتە پێوەندیدارەكان كردووە رێكاری پێویست بگرنەبەر.
سیستمی باج و رسوومات لە هەرێمی كوردستان سیستمێكی نارێكخراو بووە، یەكێك لە پلانە سەرەكییەكانی كابینەی نۆ ئەوە بووە، چاكسازی لە سەرجەم كەرتەكاندا بكات و كەرتی باج و رسووماتیش لەو كەرتانە بووە كە خاوەنی كەموكورتییەكی زۆر بووە، بە جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە وێڕای رێكخستنی ریشەییانەی كەرتەكە، داهاتێكی بەرچاویش بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەكرێتەوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و ئەگەر بەو رێكخستنانە داهاتی ناوخۆ پەرەی پێ بدرێت، ئەوا باری سەرشانی لە دابینكردنی بودجە و مووچە و گەیاندنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان سووكتر دەبێت.
باج یەكێك لە گرنگترین بنەماكانی دەوڵەتدارییە لە وڵاتە دیموكراتیكەكانی دنیا كە بە یاسا رێك خراوە، دواجار باجی كۆكراوە كاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی خەڵكی ئەو وڵاتانە هەبووە. لە هەرێمی كوردستان ئەم كەرتە رێك نەخراوە و كۆمپانیاكان و خاوەن پڕۆژەكان خۆیان لە پێدانی باج دزیوەتەوە.